بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ڤاكسینی جۆری "ڤایزه‌ر" وه‌رده‌گرن
به‌پشت به‌ستن به رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی جیهان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێنمایی نوێ له‌باره‌ی ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو ژه‌مه ڤاكسینه‌كه ده‌رده‌كات

K24- هه‌ولێر:
له گشتاندنێكدا، كه ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی ته‌ندروستی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، گۆڕانكاری به‌سه‌ر ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینی جۆری "ڤایزه‌ر"ـدا هاتووه و ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو پێكوته‌كه درێژكراوه‌ته‌وه.
له گشتاندنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه، به پشتبه‌ست به رینماییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان و رازیبوونی لیژنه‌ی باڵای راوێژكاریی تایبه‌ت به نه‌خۆشی كۆڤید – 19، هه‌روه‌ها وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ كوتانی زۆرترین ژماره‌ی هاووڵاتییان، كه ئه‌و جۆره ڤاكسینه ده‌یانگرێته‌وه به ژه‌می یه‌كه‌م له ڤاكسینی ڤایزه‌ر، هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان بڕیاردرا:
* له رێكه‌وتی 1/9/2021ـه‌وه ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینی فایزه‌ر ده‌بێته 8 هه‌فته، واتا (56) رۆژ له جیاتی ئه‌وه‌ی كه پێشتر 3 هه‌فته بوو، واتا (21) رۆژ بوو.
* ئه‌وانه‌ی پێشتر ژه‌می یه‌كه‌می ئه‌و جۆره ڤاكسینه‌یان وه‌رگرتووه، ژه‌می دووه‌م له‌و كاته‌دا وه‌رده‌گرن كه پێشتر بۆیان دیاریكراوه. واتا ئه‌و بڕیاره نوێیه ئه‌وانه ناگرێته‌وه كه ژه‌می یه‌كه‌میان وه‌رگرتووه.

H.B