حکومەتی هەرێم نرخی کارەبای بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دابەزاند

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رێگری لە قورخکاری ئەو بڕیارە دراوە

نانەواخانە
نانەواخانە

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی کارەبا کە واژۆی وەزیری کارەبای بەسەرەوەیە و وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، تێیدا هاتووە: "ئاماژە بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارەی (10202) لە 29/8/2021، لەبەر بەرژەوەندی گشتی کۆنترۆڵکردنی نرخی نان و نەهێشتنی قورخکاری لە گرانی نرخی نان بڕیارماندا: بە داشکاندنی 20٪ لە نرخی کارەبای بەکارهاتوو بۆ سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی".

نووسراوی وەزارەتی کارەبا
نووسراوی وەزارەتی کارەبا

پێشتر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتبوو: "لەسەرەتای بەرزبوونەوەی نرخی نان، سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی تایبەتی راسپارد بە دواداچوون بۆ ئەو گرفتە بکەن، پاش بەدواداچوون چەند بڕیارێک گەڵاڵە کران و چەند بڕیارێکدراوە، یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەبوو کە وەزارەتی کارەبا نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان کەمبکاتەوە، بڕیارێکی دیکە ئەوەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سوتەمەنی بۆ سەمونخانە و نانەواخانەکان دابین بکات".

Fly Erbil Advertisment