هه‌ڵبژارده‌ی عێراق خاڵێكی له‌ كۆریای باشوور وه‌رگرت

شێركۆ كه‌ریم یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و سۆن هیۆنگ مین كاپتنی كۆریای باشوور 2 ئه‌یلوولی 2021. فۆتۆ: AFP
شێركۆ كه‌ریم یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و سۆن هیۆنگ مین كاپتنی كۆریای باشوور 2 ئه‌یلوولی 2021. فۆتۆ: AFP

لە قۆناغی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی 2022ـی قەتەر، عێراق بووە میوانی کۆریای باشوور و یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسابوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.

یەکەمین یاریی عێراق بوو لە پاڵاوتنەکان کە دیک ئادڤۆکات راهێنەرایەتی بکات دوای ئەوەی شوێنی کاتانیچی راهێنەری پێشووی گرتەوە، شێرکۆ کەریمی کورد ستاریش بۆ یەکەمجار لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی کرد و رووبەڕووی سۆن هیونگ مین و هاوڕێیانی بوونەوە.

هەردوولا بە هۆشیارییەوە دەستیان بە یارییەکە کرد، بەڵام کۆریا زۆرترین کۆنتڕۆڵی تۆپی کرد و هەوڵیدەدا خۆی لە گۆڵی عێراق نزیک بکاتەوە، عێراق بە بەرگرییەکی بەهێز یاریی کرد لە هەمان کاتدا هه‌وڵی ده‌دا بە هێرشی پێچەوانە خۆی لە گۆڵی کۆریا نزیک بکاتەوە.

لە خولەکی 27 شێرکۆ کەریم هەڵبژاردەی عێراقی لە گۆڵێکی 100% پاراست و رێگەی نەدا جایسۆنی یاریزانی ماینزی ئەڵمانی گۆڵ بکات.

کۆریای باشوور بە تەواوەتی فشاری لەسەر عێراق دروست کرد و عێراقیش تەنیا بەرگری کرد و گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە.

مەترسیدارترین هێرشی عێراق لە خولەکی 40 بوو، محەمەد قاسم ئەسیستی کرد و بەشار رەسەن نەیتوانی گۆڵ بکات و لەلایەن گۆڵپارێزەوە بەرپەرچیان درایەوە.

لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەم عێراق باشتر دەرکەوت و ئابڵوقەکەی کۆریای باشووری بۆ سەر گۆڵەکەی شکاند، دواجار ئەم نیوەیە بە یەکسان بوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

لە سەرەتای نیوەی دووەمیش گەمارۆکەی کۆریای باشوور بۆ سەر گۆڵی عێراق بەردەوام بوو، بەڵام بەرگری عێراق بەهێز و بە ئاستێکی بەرز دەرکەوت و رێگەیان لە هێرشەکانی رکابەرەکەیان گرت.

لە خولەکی 60 عەلی عەدنان بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و یاریگای جێهێشت و زەرغام ئیسماعێل شوێنی گرتەوە. لەم نیوەیە عێراق باشتر دەرکەوت و فشارەکانی کۆریای کەمتر کردەوە.

لە خولەکی 66 ئادڤۆکات دووەمین گۆڕانکاری کرد، عەلا عەبدولزەهرا شوێنی بەشار رەسەنی گرتەوە. کۆریا جارێکی دیکە بووە هەڕەشە لەسەر گۆڵی عێراق و زەرغام نەیهێشت خاوەن خاک ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەو بیکاتە گۆڵ.

لە خولەکی 70 عێراق دەرفەتێکی دیکەی بۆ رەخسا و ئەیمەن حوسێن سوودی لێ نەبینی.

ئەمجارەش فەهد تاڵبی گؤلپارێزی عێراق بووە فریاد رەس و رێگەی نەدا گۆڵەکەی بهەژێنرێت. تا کۆتایی ئەنجامی یارییەکە وەکو خۆی مایەوە، عێراق و کۆریای باشوور بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

Fly Erbil Advertisment