ئهمشهو له كلاسیكۆی زهوی كۆمهڵێك گۆڕانكاری دهبینن

ئەمشەو لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢، بەڕازیل و ئارجێنتینا له كاتژمێر 10:00ـی شهو یاریی کلاسیکۆ دەکەن و لیۆنێل مێسی بۆ یارییەکە ئامادەیە کە لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەی تووشی پێکان بوو، تانگۆ 21 یارییە لەسەر یەک تامی شکستی نەکردووە و دوایین شکستیشیان کۆپا ئەمریکای 2019 بەرامبەر سلیساو بووە.
هەڵبژاردەی بەڕازیل دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئارجێنتینا لە فاینەڵی کۆپا ئەمریکای 2021، ئەمجارەیان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ی قەتەر رووبەڕووی ئەو هەڵبژاردەیە دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی سامبا تاوەکو ئێستا لە کۆی حەوت یاری لە پاڵاوتنەکان، تەنها هەڵبژاردەن کە سەرجەم یارییەکانیان بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ئەمریکای باشووریان گرتووە.
ریچالیسۆن هێرشبەری یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی بۆ ئەم یارییەش بەشداری ناکات، ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە یانەکەی رێگەی پێنەداوە گەشتی وڵاتەکەی بکات، هەروەها رۆبێرتۆ فێرمینیۆ و فابینهۆش لە یانەی لیڤەرپوول بە هەمان شێوەی رێگەیان پێنەدراوە گەشتی وڵاتەکەیان بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە تیتی راهێنەری سامبا، دوای نزیکەی پێنج ساڵ جارێکی دیکە هالکی بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کردووە، ئەو یاریزانەش دەیەوێت جارێکی دیکە تواناکانی بسەلمێنێتەوە و یەکێک بێت لە بەشداربووانی مۆندیالی داهاتوو.
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دوای بردنەوەیان لە بەڕازیل لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمریکا و بەدەستهێنانی ناسناوەکە، ئەمجارەشیان ئامانجیانە لەناو خاکی ئەوان تووشی دۆڕانیان بکەن و هەنگاوێکی دیکەش خۆیان لێیەوە نزیک بکەنەوە.
هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بەڕازیل لە قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکای 2019، لەو کاتەوە کە دەکاتە 21 یاری تامی هیچ دۆڕانێکی نەکردووە. هەروەها لیۆنێل سکالۆنیش لەوەتەی ئەرکی راهێنەرایەتی تانگۆی وەرگرتووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
بۆ ئەم یارییە گومان لە بەشداری کردنی لیۆنێل مێسی دەکرا، ئەویش بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاری رابردوو بەرامبەر ڤەنزویلا تووشی بوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، دەرکەوت ئەو یاریزانە هیچ کێشەیەکی نیە و بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت.