مەسرور بارزانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانی دیارکرد
رێوڕەسمی ئیدارەی سۆران بەڕێوەچوو
K24 – هەولێر
بەسەرپەشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، سەرۆکی حکومەت (هەڵگورد شێخ نەجیب)ی وەک سەرپەرشیتاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیارکرد.
ئەمڕۆ سێشمەممە 14/9/2021، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی ئیداری و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە، رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سۆران بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (هەڵگورد شێخ نەجیب)ی وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیارکرد.
هەڵگورد شێخ نەجیب، لە 30/9/2021، لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وەک قایمقامی سۆران دەستنیشانکرا.
پوختەیەك لە ژیاننامەی هەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی سۆران:..
ئەندازیار هەڵگورد شێخ نەجیب شێخ عوسمان لە 1\9\1973 لە ناحیەی دیانا لە باوەشی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی دەڤەری سۆران لەدایکبووە.
-بنەماڵەکەی بەشدارییەکی کارایان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و کاریگەری زۆریان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵاتییەکان و پەرەپێدانی خوێندەواری و رۆشنبیری لە دەڤەری سۆران.
-لە تەمەنی یەک ساڵی لەگەڵ ماڵباتەکەی بەهۆی تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول و رێککەتنامەی جەزائیر ئاوارەیی ئێران دەبن.
- خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی دیانا تەواو کردووە.
- 1991- 1992 بەرپرسی ناوچەی هەولێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان بووە.
- 1992- 1994پەیوەندی بە ریزەکانی لەشکری یەکگرتووی کوردستان کردووە و بووەتە ئەفسەری هەواڵگری.
- 1998-1994 لە سوپای دووی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بووەتە ئەفسەر و ئەرکەکانی بەو پەڕی توانا و لێهاتوویەوە جێبەجێکردووە.
- ساڵی 1998 بۆ خوێندن روو لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەکات.
- ساڵی 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی باڵا لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کوین ماری لە لەندەن وەرگرتووە.
- ساڵی 2006 بروانامەی تایبەتی بە بواری ئەندازیاری نیتۆڕکینگ لە ئەمەریکا بە دەستهێناوە.
- ساڵی 2014 بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری کۆمپیوتەر و تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەدەستهێناوە.
- ساڵی 2009 گەڕاوەتە کوردستان و گرووپی قوتابخانەکانی کامبرێجی نێودەوڵەتیان دامەزراندووە.
-بەڕێوەبەری گشتی گرووپی قوتابخانەکانی کامبرێجی نێودەوڵەتییە.