كۆچی كریستیانه‌كان له عێراق به‌رده‌وامه
"دوای هێرشه‌كانی داعش به رێژه‌ی (%90)ـی كریستیانه‌كانی عێراق روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد"
![پێگه‌یه‌كی ئاینی كریستیانه‌كان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Sep-2021/163215316332332321.jpg)
K24 – هەولێر:
ئه‌میر عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری پێكه‌وه ژیانی ئاینی، له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆ ئاماری كریستیانه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه به پێکهاتەی سێیەمی عێراق لەڕووی ژمارەوه ناوی بردوون، بۆ ساڵی(2020 -2021) كریستیانه‌كان لە عێراق و هه‌رێم لە نێوان (250 تا 300) هەزار کەس دەبن.
راشیگه‌یاند، پێش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، ژمارەی كریستیانه‌كانی عێراق بە (یه‌ك) ملیۆن و500 هه‌زار، مەزندە دەکران، بەڵام لە دوای رووخانی حزبی به‌عس، بەشێکی زۆریان روویان لە دەرەوەی ووڵات كرد، رێژهیهكیشیان له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن، بەتایبەت لەدوای هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا و ناوچه كریستیان نشینه‌كان، كه له‌و ساته‌وه كریستیانه‌كان له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژیانی ئاسایی به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ته‌واوی مافه ئاینی و مرۆییه‌كانیان بۆ دابین كراوه، هه‌ر له دێر زه‌مانیشه‌وه هه‌رێم به پێگه‌ی فره ئاینی و پێكه‌وه ژیان له ناوچه‌كه و له سه‌ر ئاستی جیهانیش سه‌یر ده‌كرێت.
روونیكرده‌وه، دوای هێرشه‌كانی داعش، به رێژه‌ی (%90)ـی كریستیانه‌كانی عێراق روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه لە ڕووی نەتەوەییه‌وه بۆچوارگروپ دابەش دەبن، وەک (ئاشوری، کلدانی، سریانی و ئەرمەنی)، كه لە ڕووی ئایینیەوە هه‌موویان (كریستیانن).
![په‌رستگایه‌كی كریستیانه‌كان](/images/Sep-2021/1632153207242609773_256947159675029_3483591718901007452_n.jpg)
ئاماژه‌یپێكرد، كریستیانه‌كان چەند مەزهەبێکيشیان هەیە، جگە لە (کاسۆلیک) و (پرۆتستانتوئەرسۆدۆکس)، لە سەرئاستی عێراقيش بە (14) تایفە هەژمار دەکرێن.
جه‌ختیكرده‌وه، تایفەکان بریتین له (کلدانی، ئاشوری، ئاشوری جاسلقی، سریانی ئەرسۆدۆکس، سریانی کاسۆلیک، ئەرمەنی کاسۆلیک، رۆمی کاسۆلیک، رۆمی ئەرسۆدۆکس، قیبتی ئەرسۆدۆکس، لاتین، پرۆتستانتی نیشتیمانی، ئینجیلی پرۆتستانتی ئاشووری و ئەدفنتستی سبتین).
![كڵێسایه‌كی كریستیانه‌كان](/images/Sep-2021/1632153250242413647_256947249675020_3631728332158206517_n.jpg)
كریستیانه‌كان بەزمانەکانی سریانی و کوردی و عەرەبی ئینگلیزی و شێوازه جیاوازەکان قسەدەکەن، لە هەرێمی کوردستان (135) کڵێسا و (92) مەزارگە و (13) دێر و (10) کڵێسا‌ی ئینجیلیشیان هه‌یە، کۆی گشتیان دەکات (240) شوێنی ئایینیان هه‌یه.