هەڵەبجە.. پۆستەری کاندیدانی پارتی دهشێوێنرێن
"دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکەمان ترسە لەو بانگەشە گەرموگوڕییەی کە دەستمان پێ کردووە"

K24 - ههولێر:
لە پارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەید سادق هەڵمەتێکی فراوان بۆ دڕاندن و شێواندنی پۆستەری بانگەشەی "ئهشواق جاف"، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری بازنەی سێ دەستیپێکرد و چەندین وێنە و پۆستەری ئەو کاندیدەیان شێواندووە. ئەو کاندیدەی پارتیش دەڵێت هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی دیموکراسییە و ئەو کارەی بهرامبهر ئێمه دهكرێت، کارێکی ناشیرینە، ئێمە ئەگەر بچینە پەرلەمانی عێراق خۆمان بە نوێنەری هەموو کوردێک دەزانین، نەک بەتەنیا نوێنەری یەک لایەن.
رۆژبەڕۆژ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پێشەوەختەی عێراق لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە گەرمتر دەبێت. شەوی رابردوو لە هەڵەبجە چەندین پۆستەری ئەم کاندیدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری بازنەی سێ دەدڕێنن. دڕاندنی بەشێک لە پۆستەرەکان جێگەی گومانە لەلای ئەم کاندیدە، چونکە هەندێکی چەند مەترێک لە بازگەکانەوە دوورە.
دڕاندن یان لێکردنەوەی پۆستەری کاندیدان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە تا ئێستا تهنیا پۆستەری کاندیدەکەی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی گرتووهتەوە.
نوورەدین بەشارەتی، بهرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 12 پارتیش دەڵێت دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکەمان ترسە لەو بانگەشە گەرموگوڕییەی کە دەستمان پێ کردووە.
بەپێی یاسا، ئەو کەسانەی وێنە و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لادەبەن، یان دەیدڕێنن، سزایان بۆ دیاریکراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا سکاڵای لەدژی ئەو کەسانە تۆمار نەکردووە، کە پۆستەری کاندیدەکەیان دڕاندووه، چونکە پێیان وایە لابردن و شێواندنی ئەو پۆستەرانە کاریگەری لەسەر دەنگەکانی ئەوان نابێت و دەشتوانن کاندیدەکەیان سەربخەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
د.ی