سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان: بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دابەشبوونی هەرێمی کوردستان نین
بەڵێن عەبدوڵڵا: کێشەکان چەندە گەورەبن تاکە رێگەچارە کۆبوونەوە و گفتوگۆیە
سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دابەشبوونی هەرێمی کوردستاندا نین و بە نیازن بەمنزیکانە بە دەر لە یەکێتی و پارتی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کۆ ببنەوە و بۆ ئەوەی سەرجەم حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ بکرێنەوە و بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانیان بکەن.
بەڵێن عەبدوڵڵا ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتی: زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان خەبات و شەهیدی داوە بۆ ئەوەی کوردستان بگاتە ئەم قۆناخە، بۆیە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێکی داهاتووی ئەم هەرێمە ناکات و دەستبردن بۆ ئەم بابەتە کارەسات دەنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بڕوامان وایە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، هەر کێشە و گرفتێکمان هەبێت، دەبێت لە رێگەی گفتوگۆیەکی بەرپرسانە و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەری هەر کێشەیەکی گەورە و بچووک بکەین؛ کێشەکانیش چەندە گەورەبن یان بچووک، دەبێت بە هاوکاریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە بتوانین چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خۆمان بکەین.
بەڵێن عەبدوڵڵا راشیگەیاند، خراپی دۆخی هەرێمی و ناوچەکە، لەگەڵ ئەو فشارانەی لە عێراقەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەن، کۆبوونەوە و گفتوگۆی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، تاکە رێگەچارەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانە.
بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتیشی: وەک حزبی زەحمەتکێشان بەمنزیکانە داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە لەپێناو چارەسەری ئەو کێشانەی هەن، تا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رێک بکەوین و گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی بکەین، ناڵێم ناوبژیوانی، چونکە دەستەواژەیەکی جوان نییە، چونکە ئێمەش خاوەنی ئەم پرسەین و خەبات و شەهیدمان لەپێناو ئەم نیشتمانە داوە تا گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە، بۆیە ئێمەش وەک پارتی و یەکێتی لەم وڵاتە بەرپرسیارین، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ ببینەوە.