بەهای لیرەی تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو داکەوت

دراوی تورکی بۆ 8.85 لیرە بەرامبەر دۆلارێک دابەزی

لیرەی توركی و دۆلاری ئەمەریكی
لیرەی توركی و دۆلاری ئەمەریكی

K24 - هەولێر

بەهای لیرەی تورکی، لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژی هەینی بۆ کەمترین ئاستەکانی دابەزی و جارێکی دیکە وەبەرهێنەران لە بازاڕەکانی تورکیا دەستیان بە کشانەوە کرد، هۆکاری سەرەکی ئەو داکەوتنە بەرچاوەش بۆ بڕیاری پێشبینی نەکراوی بانکی ناوەندی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە، کە رێژەی سوودی دابەزاند و هیچ دیدگایەکی نەخستەڕوو بەوەی ئەو دابەزاندنە تا کەی درێژە دەکێشێت.

لە کۆتا مامەڵەکاندا، دراوی تورکیا 1٪ بەهاکەی لەدەستدا و بەرامبەر دۆلارێک بۆ ئاستی 8.855 دابەزی، ئەوەش نزیکە لە کەمترین ئاستی کە لە مانگی حوزەیران تۆماریکرد و گەیشتە 8.880 لیرە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 23/9/2021، سەرەڕای بەرزی رێژەی هەڵاوسان بانکی ناوەندی تورکیا نرخی سوودی سەرەکی بە بڕی 100 خاڵی سەرەکی بۆ 18٪ دابەزاند.

سەرەڕای ئەو هەوڵەش، بانکی ناوەندی تورکیا هیچ ئاماژەیەکی لە بارەی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی نەخستەڕوو، بەڵام هەر یەکە لە بانکەکانی سۆسیتیە جەنەراڵ و بارکلیز و جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن لە چەند مانگی داهاتوو رێژەی سوود لە تورکیا زیاتر کەمبکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment