چین بە فەرمی دژایەتی بیتکۆینی راگەیاند و بەکارهێنانی قەدەغەکرد
ئەو هەوڵەی چین بههای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆینی دابهزاند

K24 - ههولێر:
چین هەڵمەتی دژایەتی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی راگەیاند و بەکارهێنان و کانزاگەری سەرجەم دراوە ئەلیکترۆنییەکانی قەدەغەکرد، ئەو هەوڵەش راستەوخۆ رەنگدانەوەی نەرێنی کردە سەر بیتکۆین و دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە و تەکنەلۆژیای بلۆکچەین.
10 لایەنی فەرمی چینی، لە نێویاندا بانکی ناوەندی و رێکخراوی کاروباری کاغەزە داراییەکان و دراوی بیانی، بەیەکەوە بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیان بە نایاسایی ناو برد، ئەوەش یەکەم جارە ئەو لایەنانە بە فەرمی سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە دراوی ئەلیکترۆنی قەدەغە بکەن.
لە مانگی ئاداریش، دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیاکان سەرجەم مامەڵەکانی پەیوەست بە دراوی ئەلیکترۆنیان قەدەغەکرد، هاوکات دوو راگەیەندراوی دیکەی هاوشێوەش لە ساڵانی 2013 و 2017 بڵاوکرایەوە.
بەڵام راگەیەندراوی ئەم دواییەی پەکین، ورد و گشتگیرترە، چونکە دامەزراوە سەرەکییە داراییەکان جەختیان لێکردووەتەوە و لەلایەکی دیکەش پەکین رژدە لە قەدەغەکردنی سەرجەم دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە تەواوی چیندا.
شارەزایانی دارایی پێیانوایە، بەکارهێنانە دراوە ئەلیکترۆنییەکان هەڕەشەیە لەسەر "یوان"ی ئەلیکترۆنی کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و لە ژێر تاقیکردنەوەدایە.
ئەو هەنگاوەی چین هاوتایە لەگەڵ هەوڵی جیهان دژی دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بەشێکی زۆری وڵاتان لە ئاسیاوە تاوەکو ئەمهریکا ترسیان لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دراوانە هەیە، کە بەشێوەیەکی تایبەت لە ژێر کۆنترۆڵی دامەزراوە دارایی و نەختینەییەکان نین، هەروەها لە رێگەیانەوە تاوانی دارایی ئەنجام دەدرێت و زیان بە وەبەرهێنەران دەگەیەنن.
دوای ئەو هەوڵەی چین، دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین سەدا 6.6ـی بەهاکەی لەدەستدا و بۆ 41,937 دۆلار دابەزی. دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکەش بە دوای بیتکۆین دابەزین و بەهاکانیان لەدەستدا.
د.ی