گهشتیارێك: ئێوه حكومهتێكتان ههیه خزمهتتان دهكات
هاتنی گەشتیاران بۆ ههرێمی كوردستان 31% زیادی کردووه

K24 - ههولێر:
سەرباری قەیرانی دارایی و خراپی رەوشی تەندروستی لە 8 مانگی رابردوودا نزیکەی 2.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و بەراورد لەگەڵ ٨ مانگی یەکەمی ساڵی 2020 ھاتنی گەشیاران بۆ ھەرێم 31% زیادی کردووە، گەشتیاران دەڵێن سەرباری جوانی سروشت و ھاوینەهەواری کوردستان، بەڵام سەقامگیری ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان ھۆکارێکی گرنگی هاتنمانە.
ژمارهیهك گهشتیار كه دانیشتووی بەغدان و یەکەمجاریانە سەردانی ھەولێر بکەن، لەگەڵ ئەوەی جاری یەکەمیانە، بەڵام لە ماوەی ئەو ھەفتەیەی کە لە ھەولێرن، زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانیان بینینوە، جەبار و سەلیم دوو بران و دەڵێن کوردستان سروشتێکی جوانی ھەیە، بەڵام لە ھەموو شت گرنگتر پاراستنی ئەو ئەمنییەتەیە، کە لە کوردستان و هەولێری پایتەخت ھەیە.
سادق گەشتیارێکی دیكە و لەگەڵ خێزانەکەی ھاتووە، ھەموو مانگێك بۆ گەشتکردن روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن بێزاربوونە لەو بارودۆخە خراپەی لە شارەکانی عێراق ھەیە، بەتایبەتی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەمنیەت، سادق دەڵێت ھەموو رۆژێك گوێبیستی دەنگی تەقینەوە و کوژرانی کەسێک دەبین، بەڵام ھەموو مانگێک کە دێین بۆ ھەولێر بە جوانترین شێوە خزمەت دەکرێین و پێشوازیمان لێ دەکەن.
پلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرتی گەشتیاریدا دوای کۆرۆنا سەرکەوتوو بوو، تەنیا لە 8 مانگی ئەمساڵدا، بەراورد بە ساڵی رابردوو 31%ی ھاتنی گەشتیاران زیادی کردووە، تەنیا لە ھەولێر 22 ھەزار ھەلی کار بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچە گەشتیارییەکان کار دەکەن، رەخسێنراوە.
نەریمان فازیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەولێر گوتی: "بهپێی ئهو ئامارانهی لهبهردهستی ئێمهیه، زیاتر له 22 ههزار كارمهند له شوێنه گهشتیارییهكان كاردهكهن، ههرچهنده ساڵی پار به هۆی پهتای كۆرۆناوه كهرتی گهشتیاری لاوازی پێوه دیاربوو، بهڵام ئهمساڵ هاتنی گهشتیاران زۆر زیادی كردووه و كهرتی گهشتیاری بووژاوهتهوه".
لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 2.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و بەراورد لەگەڵ 8 مانگی یەکەمی ساڵی 2020 ھاتنی گەشیاران بۆ ھەرێم بهشێوهیهكی بهرچاو زیادی کردووە، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی بووهتە ھۆکارێك بۆ بووژانەوەی ئەو کەرتە ھەزاران ھەلی کاریشی لە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ گەنجان و ھاووڵاتیان رەخساندووە، تا یەکی ئەیلوولی ئەمساڵیش زیاتر لە ملیۆنێک و نیو گەشتیار روویان لە ھەولێری پایتەخت کردووە، دەستەی گەشتوگوزار پێیانوایە ئەو پڕۆژە و پلانانەی حکومەتی ھەرێم بۆ سێکتەری گەشتوگوزار دایڕشتووە، کاریگەری بەرچاوی ھەبووە لەسەر ھاتنی گەشتیاران.
د.ی