کۆمپانیا چینییەکان زۆرترین بڕە نەوتییان لە عێراق هاوردەکردووە
لە کۆی 34 کۆمپانیای کڕیاری نەوتی عێراقی، 8 کۆمپانیایان چینی بوون

K24 - ههولێر:
کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ رایگەیاند، کۆمپانیاکانی چین زۆرترین بڕە نەوتییان لە مانگی ئابی رابردوو لە عێراق کڕیوە. لە داتاکانی سۆمۆدا هاتووە، لە کۆی 34 کۆمپانیای کڕیاری نەوتی عێراقی 8 کۆمپانیایان چینی بوونە.
هیندستانیش بە 7 کۆمپانیا نەوتی لە عێراق کڕیوە، لە دوای ئەوانیش هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی یۆنان، ئیتاڵیا و کۆریای باشوور لە رێگەی دوو کۆمپانیا بۆ هەر یەکێکیان لە پلەی سێیەمی کڕیاری نەوتی عێراقن.
هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی فەرەنسا، تورکیا، بەرازیل، ئازەربایجان، میسر، ئیسپانیا، مالیزیا، رووسیا، ژاپۆن، هۆڵەندا و بەریتانیا، لە رێگەی کۆمپانیایەک بۆ هەر یەکێکیان نەوتیان لە عێراق کڕیوە.
کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەداوە، لە فرۆشتنی نەوت پشت بە پێوەرە سەرەکییەکان بە شێوەی ستوونی دەبەستن، کە لە رێگەیەوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا گەورە و مامناوەند و سەربەخۆکان ئەنجامدەدەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، دیارترین ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی عێراقییان کڕیوە بریتین لە، بەهاراتی هیندستان، پێترۆچاینەی چین، ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆنی ئەمهریکی، شێلی هۆڵەندی - بەریتانی، ئینی ئیتاڵی و گازپڕۆمی رووسی.
د.ی