پارتی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پشتیوانی بۆ كاندیده‌كانی پارتی ده‌ربڕی

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئاماده‌بووان ناسێنران و جه‌خت له‌ دۆستایه‌تی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌

دیمه‌نێكی كۆنفرانسه‌كه‌
دیمه‌نێكی كۆنفرانسه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ سلێمانی، پارتی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراواندا كه‌ حه‌وت ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ر و زیاتر له‌ 200 كادیر و ئه‌ندامی پارته‌كه‌ به‌شدار بوون، بڕیاریان دا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ به‌ كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.

ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی به‌ به‌شداری رێكخه‌ری گشتیی پارتی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، یاسین شێخ ساڵح، به‌ شێوه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانس، له‌ ئاستی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆنفرانسێك بۆ پشتیوانی له‌ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌رپرسی تیمی رۆژنامەوانی مه‌كته‌بی رێکخەری گشتی پارتی دیموکراسی و دادپەروەری، تارا موستەفا رایگه‌یاند، ئەجیندای کۆنفرانسەکە رێنماییەکانی رێکخەری گشتی یاسین شێخ ساڵح بوو بۆ هاوێبازان و سەرکردایەتی و لێپرسراوی سێنتراڵ و ناوەندەکان و ئەندامانی مەکتەبە جیاوازەکان بۆ تێگەیشتن لە تێڕوانینی سیاسی پارته‌كه‌ بۆ هەڵبژاردن و سیستەمی حوکومڕانی و ده‌ربڕینی پشتیوانی بوو بۆ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئاماده‌بووان ناسێنران و جه‌خت له‌ دۆستایه‌تی و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌.

كۆنفرانسه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری حەوت ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو زیاتر لە دوو سەد کادیر و ئەندامی پارتی دیموکراسی و دادپەروەری لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی ھەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ر  له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رێبین میراودەلی، گوتە بێژی پارتی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری لە وتەیەکدا پشیوانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و کاندیدەکانی دەربڕی.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا،ھەریەک لە فارس نەوڕۆڵی و فازل ڕەوف ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی سوپاسی ھەڵوێست و پشگیریان بۆ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

پشتیوانی پارتی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری بۆ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ 19 پارت و رێكخراوی سیاسی و توركمانی پشتیوانیان بۆ كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ربڕی.

بڕیاره‌ رۆژی 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزگاری له‌ پێگه‌ی سیاسی و نوێنه‌رایه‌تی خۆی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات و وه‌ك یه‌كه‌م حزبی براوه‌ی پرۆسه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌.