سەرچاوەیەک: سبەی زەیدی سەردانی جورف سەخر دەکات
سەرچاوەیەک بە کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق، سبەی سەردانی ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل دەکات، ئەویش دوابەدوای دەستپێکردنی دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و کشانەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە پێگەکانیان لە ناوچەکەدا.
سەرچاوەیەکی تایبەت، بە کەناڵی سکای نیوز عەرەبییەی گوت: عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سبەی شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سەردانی ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل دەکات.
سەردانە چاوەڕوانکراوە لە نێو ئەو رێکارە ئەمنییانەدا دێت کە حکوومەتی عێراق گرتوونیەتە بەر بۆ دووبارە سەپاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر جورف سەخردا، دوای چەندین ساڵ لە مانەوەی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی کەتیبەکانی حزبوڵڵادا، هەروەها لە ناوەڕاستی لێکۆڵینەوەکاندا سەبارەت بە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەهەدەردانی سامانی گشتی.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دامەزراندنی 12 خاڵی ئەمنیی بۆ پاراستنی بۆری و دامەزراوە نەوتییەکان لە جورف سەخر راگەیاندبوو، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی.
وەزارەتەکە روونی کردبووەوە، کە پلانەکە کردنەوەی رێگەیەکی بە تەنیشت هێڵەکانی بۆریی نەوتدا لەخۆ گرتووە بۆ ئاسانکردنی جووڵەی تیمە گەڕۆکەکان و چاودێریی مەیدانی، لە پاڵ دامەزراندنی بارەگایەک بۆ فەوجێکی ئەمنی، بە ئامانجی بەهێزکردنی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و توندوتۆڵکردنی کۆنترۆڵ بەسەر ناوچەکەدا.
هەروەها سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتوبوو: کەتیبەکانی حزبوڵڵا پابەندی فەرمانەکانی کشانەوە لە جورف سەخر بووە و پێگەکانی رادەستی پێکهاتەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کردووە.
سەباح نوعمان جەختیشی کردبووەوە، دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان بە بڕیارێکی سەروەریی عێراقی ئەنجام دراوە و، بوونی هەر دەستوەردانێکی دەرەکیی لە دەرکردنی بڕیارەکە یان جێبەجێکردنیدا رەت کردەوە.
لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتیشدا، گوتەبێژەکە ئاشکرای کردبوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکوومی بەرپرسانی سەرپێچییەکان و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دیاریی کردووە و دۆسیەی تێوەگلاوانی رەوانەی دادگا کردووە، بێ گوێدانە لایەنگری یان پۆستەکانیان.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر چەند ڕاپۆرتێک باسیان لە پرۆسەی بەرفراوانی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی لە ناوچەکەوە کردبوو لە رێگەی چەند رێڕەوێکەوە کە بە پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانیدا تێدەپەڕن.
ناحیەی جورف سەخر خراوەتە ژێر رێکاری ئەمنیی نوێوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دووبارە کردنەوەی رێگەکان، دابینکردنی ئاسایشی دامەزراوە گرنگەکان و ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لە میانی شەڕەکانی دژی رێکخراوی داعشدا ناوچەکەیان جێهێشتبوو.
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکانی دژی رێکخراوەکە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو، لە سایەی بوونی تۆمەتەکان بە رێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتووانە ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە درێژایی ساڵانی رابردوو.