كرملین: پوتن و ئه‌ردۆغان له باره‌ی ئیدلبه‌وه رێككه‌وتوون
هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له قه‌یرانه‌كانی سووریا، لیبیا، ئه‌فغانستان و هه‌رێمی ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ كردووه

K24 – هه‌ولێر:
كۆشكی كرملین رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له پوتن و ئه‌ردۆغان رێككه‌وتوون، "تیرۆریستان" له ئیدلب ده‌ربكه‌ن.
كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا (كرملین)، رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێیاندا، هه‌ریه‌ك له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا رێككه‌وتن، پارێزگای ئیدلب له گرووپ و ملیشیا چه‌كدارییه‌كان داماڵرێت و سه‌رجه‌م گرووپه تیرۆریستییه‌كان بكرێنه ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه.
دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، بۆ رۆژنامه‌نووسان دواو و گوتی: هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له قه‌یرانه‌كانی سووریا، لیبیا، ئه‌فغانستان و هه‌رێمی ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ كردووه.
دوێنێ، ئه‌ردۆغان بۆ دیداری پوتن گه‌یشته سوچی و له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا كۆبوه‌وه.
بیسكۆڤ زانیاری زۆتری له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتنه‌كانی پوتن و ئه‌ردۆغان به رۆژنامه‌نووسان نه‌وت.