پەتاتە بووەتەوە سەرچاوەی بژێوی جووتیارانی بۆکان

دەشتە بەپیتەکانی بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشتر زیاتر بە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە بەناوبانگ بوون، چەند ساڵێکە روویان لە چاندنی پەتاتە کردووە و ئەم بەرهەمە بووەتە سیمایەکی نوێی کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە و سەرچاوەیەکی گرنگی داهات و رەخساندنی هەلی کار.

زیاتر لە 10 ساڵە چاندنی پەتاتە لە سنووری بۆکان پەرەی پێدراوە، ئەم هەنگاوە جگە لە دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ جووتیاران، بووەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ دەیان بنەماڵە و سەدان کرێکاری رۆژانە. بەگوێرەی گوتەی جووتیاران، چاندنی ئەم بەروبوومە لە دوو وەرزی بەهار و پاییزدا دەکرێت، بەڵام بەرهەمی وەرزی پاییز لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکەدا گونجاوترە و دەرئەنجامێکی باشتری هەیە.

لە سەرانسەری پارێزگای ورمێدا، بۆکان لەپاڵ شارەکانی وەک چاڵدێران، میاندواو، نەغەدە و شایندژ وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی پەتاتە ئەژمار دەکرێت. بۆ ئەمساڵ، زیاتر لە 1700 هێکتار زەوی لە سنووری پارێزگاکە بۆ چاندنی ئەم بەروبوومە تەرخان کراوە و پێشبینی دەکرێت بڕی بەرهەمهێنان بگاتە نزیکەی 60 هەزار تۆن.

هەرچەندە سەرەتای چاندنی پەتاتە لە بۆکان لەسەر رووبەرێکی سنووردار و بە شێوازی تاقیکاری دەستیپێکرد، بەڵام بەپێی کوالێتییە بەرزەکەی، ساڵ لەدوای ساڵ رووبەری چاندنەکەی رووی لە فراوانبوون کردووە و بەشێک لە جووتیاران کێڵگەکانیان بۆ 50 تا 100 هێکتار زیاد کردووە. ئەم کوالێتییە باشەش وایکردووە پەتاتەی بۆکان لە بازاڕی خۆجێیی تێپەڕێت و رەوانەی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران بکرێت.

لە رووی بڕی بەرهەمەوە، دەشتەکانی بۆکان پێشەنگن، لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمی پەتاتە لە پارێزگای ورمێ 35 تۆنە لە هەر هێکتارێکدا، لە بۆکان بەرهەمهێنان دەگاتە 50 تۆن لە هەر هێکتارێکدا. هاوکات بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، لە زیاتر لە 80%ـی کێڵگەکانی پەتاتەی پارێزگاکەدا سیستەمی ئاودێریی مۆدێرن بەکاردەهێندرێت.

سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانە، کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە بێ ئاستەنگ نییە، بەشێک لە جووتیاران نیگەرانن لە گرانیی لە رادەبەدەری پەین و پێداویستییە کیمیاییەکان، بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و سەختیی دۆخی ئابووری، بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون و داواکارن پشتیوانیی زیاتریان لێ بکرێت.