رووماڵ

سه‌رۆك كۆماری عێراق: سیستمی حوكمڕانی پێویستیی به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ریشه‌یی هه‌یه‌

سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌یامه‌كه‌یدا راشیگه‌یاند، بەشداری هاووڵاتیان دەبێته‌ هۆی بنیاتنانەوەی وڵات، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو.

د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی په‌یامێكدا، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار
د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی په‌یامێكدا، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

K24 – هه‌ولێر:

د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی عێراقی ئیتیحادی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا داوای له‌ هاووڵاتیانی عێراق كرد، به‌شداری فراوان و هۆشیارانه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی پێشوه‌خته‌ی عێراق بكه‌ن.

سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌یامه‌كه‌یدا راشیگه‌یاند، بەشداری هاووڵاتیان دەبێته‌ هۆی بنیاتنانەوەی وڵات، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو.

بڕیاره‌ سبه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی پێشوه‌خته‌ی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی 329 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆك كۆماری عێراق راشیگه‌یاند، هەڵبژاردنی سبه‌ی هەلێکە بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبهێنرێت و رێگریش بکرێت لەو کەسانەی کە دەیانەوێ یاری بە ئایندەی عێراق و نەوەی داهاتوودا بکەن.

سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی په‌یامی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2021، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار
سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی په‌یامی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌، 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2021، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی عێراق

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویست..

ئێمە ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستوور و هێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاک و پێكهاتەكانی عێراق بێت. ئەمانەش لەرێگەی پەرلەمانێکی کارا و راستەقینەوە دێتەدی، پەرلەمانێک كە بەڕاستی نوێنەری ئیرادەی ئازاد و دەنگی ئێوە بێت و بتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت كە توانای چارەسەری قەیرانەكانی هەبێ، بەتایبەت کێشەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێوی ھاووڵاتیان.

بێگومان دەسکەوتی لەناوبردنی دیکتاتۆریەت و دامەزراندنی حوکمڕانی دەستووری لە عێراق گرنگ و بایەخدارە، بەڵام دەبێ بیشیسەلمێنین کە قۆناغی دوایی 2003 و سیستمە حوكمڕانیەكەی جۆرەها کێشە و كەموكورتی هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەی هەیە.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ئەم رێڕەوە بە ئاڕاستەی چاکسازی و گوڕانکاری ببەن. لەم پێناوەشدا بە رەچاوکردنی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەکاری، یاسای تازەی هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا و كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانیش پێكهێندرا، کە ھاوکاتە لەگەڵ دابینكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری پرۆسه‌که‌، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەمان لەپێناو پارێزگاری لەدەنگی ئێوە و رێگری لە ساختەکاری گرتەبەر، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومەتەی دێتە كایەوە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.

د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵ، په‌یامێك ئاراسته‌ی عێراقییه‌كان ده‌كات، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار
د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، په‌یامێك ئاراسته‌ی عێراقییه‌كان ده‌كات، وێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

هاووڵاتیانی ئازیز..

سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە، چاوەڕوانی تاقیكردنەوەی ئیرادەی ئێوەن كە بەزەبری شەڕ و تیرۆر نەشكا، ئیرادەیەك كە توانی شکست بە داعش بھێنێ و بەسەر مەترسی تیرۆردا زاڵبێت و لەبری هەموو جیهان بجەنگێ و قوربانی بدات. بۆیە هیوادارم سبەی ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەی خۆتان بۆ چاکسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەکاری، چونكە مێژوو فێری كردوین كە هیچ دەنگێك لە دەنگی میللەت بەرزتر و هیچ ئیرادەیەك لە ئیرادەی خەڵك بەهێزتر نییە، و بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت.

هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبیت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دوودڵی بەشداری بکە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە.

سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ كاتی ئاراسته‌ كردنی په‌یامه‌كه‌یدا
سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ كاتی ئاراسته‌ كردنی په‌یامه‌كه‌یدا

لێرەشەوە سوپاسی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ دەزگانی حکومەت و کۆمیسیۆن، و بە تایبەتیش بۆ هێزەکانی ئاسایش کە ئەرکی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە، لەم بۆنەیەشدا سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان.

با پێکەوە هه‌وڵ بدەین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بکەینە‌ مایه‌ی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌، و بە هیوای ئه‌نجامێکی باش بۆ هه‌ڵبژاردن و سبەینێیەکی روون بۆ گەل.

ئێوەش، ئازیزان، هەر شاد و سەرکەوتوو و ئاسوودە بن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار به‌ ڤیدیۆ: