قالیباف: جەنگ لەگەڵ ئێران بۆ ئەمریکا تەنیا دەرئەنجامی تاڵی دەبێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دا، هەڵبژاردنی بژاردەی جەنگ لەگەڵ ئێران، 10 دەرئەنجامی تاڵی بۆ ئەمریکا دەبێت کە لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە تێکشانی فڕۆکە جەنگییەکان.

هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند؛ ئەگەر پێتان وایە جەنگ لەگەڵ ئێران قازانجی بۆتان دەبێت، ئەوا لە هەڵەدان، چونکە ئەم بژاردەیە لانیکەم 10 دەرئەنجامی تاڵ بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە داڕمانی بازاڕی پشکەکانەوە تا تێکشانی فڕۆکە جەنگییەکان و لە زیادبوونی قەرزەکانەوە تا بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ئاماری سەربازە کوژراوەکانتان.

قالیباف راشیگەیاند، سەرجەم دەرئەنجامەکان بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکی رەش دەبن، و ئەوان ناچار نین ئەم رێگەیە بگرنە بەر، بەڵام ئەگەر ئەم بژاردەیە هەڵبژێرن، ئەوا دەبێت بەرگەی سەرجەم دەرئەنجامەکان بگرن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەم ماتریکسە دەستکردە بشکێنرێت و لەم یارییە تاڵ و بێ ئەنجامە پاشەکشە بکرێت.

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئێران پەنا بۆ دروستکردنی سیناریۆی هێرشی ساختە و چاندنی مین و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆر دەبات، لە کاتێکدا بە بە گوتەی ئەو، ئێستا قەبارەی هەناردە و تێپەڕبوونی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تەنانەت لە قۆناخی پێش دەستپێکردنی ململانێکانیش زیاترە.

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی تارانی بە "دەسەڵاتێکی شەڕەنگێز" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، ترەمپ باسی لەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا 75 هەزار خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی دیموکراتی ئەمریکا گرت و بە کەمتەرخەم لە ئاست ئەم دۆخەدا وەسفی کردن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ پێداگریی لەسەر هێڵی سووری واشنتن بەرامبەر دۆسیەی ئەتۆمیی تاران کردەوە و رایگەیاند: "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و هەرگیز رێگەی پێ نادرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."