فازڵ میرانی: هه‌وڵێكی سیاسی هه‌یه ده‌نگی كورد كه‌مبكرێته‌وه
"داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌م روو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان"
K24 - هه‌ولێر:
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان رایگه‌یاند، نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئامێره‌كان ده‌نگدان هه‌وڵێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگی كورد، له ده‌نگدانی تایبه‌تیش 10 هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی شنگال له ده‌نگدان بێبه‌شكران.
فازڵ میرانی گوتی: "له‌كاركه‌وتنی ئامێره‌كانی ده‌نگدان و كه‌موكوڕی له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پلانێكی سیاسییه و بۆچوونم وایه هه‌وڵێكی سیاسییه بۆ له‌ناوبردنی ده‌نگی كورد، به‌ڵگه‌ش ده‌نگدانی تایبه‌ته كه ده‌نگی 10 هه‌زار هاووڵاتی شنگال فه‌وتێنرا، هه‌رچه‌ند چه‌ند رۆژێك زووتر كۆمیسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، كه ناوی ئه‌و كه‌سانه هه‌یه، به‌ڵام له كاتی ده‌نگدان ناویان نه‌بووه، ده‌نگدانیان چووه بۆ كه‌ربه‌لا، تا ده‌نگ نه‌ده‌ن، ئه‌مه به‌رنامه بۆداڕێژراوه.
سه‌باره‌ت په‌یامی بۆ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن، فازڵ میرانی گوتیشی: "هیچ په‌یامێكم بۆیان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوودی نییه و هیچیان پێناكرێت، ئه‌وه‌تا من له‌و بنكه‌یه ده‌نگم نه‌داوه، بزانم چیان پێده‌كرێت".
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی روونیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌موكوڕییه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ده‌نگێكی زۆری كورد ده‌فه‌وتێت، كاریگه‌ریشی بۆ سه‌ر كورسییه‌كانی كورد ده‌بێت له په‌رله‌مانی عێراق.
روونیشكرده‌وه، ئه‌م كێشه‌یه‌ی له پڕۆسه‌ی ده‌نگدان درووست كراوه، به دیدی من به به‌رنامه‌یه و هه‌وڵێك هه‌یه ده‌نگی كورد له مووسڵ و ناوچه كوردستانییه‌كان كه‌م بكرێته‌وه، بۆیه داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌م روو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان.
له باره‌ی پشكی كورد دوای هه‌ڵبژاردن و پۆستی سه‌رۆك كۆمار، فازڵ میرانی ئاشكرای كرد، ئه‌مه بووه‌ته عورفێك و زۆرینه شیعه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران رێكده‌كه‌ون، زۆرینه‌ی سوننه‌كانیش له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێكده‌كه‌ون، له هه‌رێمی كوردستان زۆرینه له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكده‌كه‌ون.