سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا: هه‌ڵبژاردن لە رووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو

"دەنگدەران توانیان بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن"

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە بەغدا راپۆرتی هەڵسەنگاندنی تیمی چاودێرانی یەكێتی ئەوروپای ئاشکرا کرد و تیایدا رایگەیاند، پڕۆسەکە لەرووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیكرده‌وه‌، ماوەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.

ئاشكراشی کرد، لە رۆژی هەڵبژاردندا زیاتر لە 100 چاودێریان لەسەرانسەری وڵات سەردانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیان کرد و بەگوێرەی راپۆرت چاودێرەکانیشیان لە زۆربەی ناوچەکان پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام و بەیاسایی بەڕێوەچوو. 

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن گوتی: یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکەمینجار و لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تیمێکی تایبەتی گەورەی بۆ عێراق رەوانە کرد، بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە 10ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو.

گوتیشی: ئێمە وەکو تیمی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا راپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانمان لەسەر پڕۆسەکە ئامادە کردووە، کە پڕۆسەکە لە رووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، هەروەها پڕۆسە و ماوەی بانگەشەش بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو ئەمەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلێك بۆ ئەوەی دەنگدەر بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری خۆی بدات.

سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ستایشی عێراق و گەلەکەی دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسە ئارامە. دەنگدەرانیش توانیان بەشێوەیەکی ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. نوێنەر کیانە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆییش لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون و پڕۆسەی دەنگدان و رێکارەکانیش بەشێوەیەکی فراوان جێبەجێکران.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی دەنگدانەکە بە پۆزەتیڤی وەسف کرا و چاودێرانیشمان سەردانی 95%ی بنکەکانیان کردبوو، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پڕۆسەکە ئاڵۆزکرا، بەهۆی کارنەکردنی ئامێری پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی لە مافی دەنگدان بێبەش بن. چاودێرەکانیشمان بەهەمان شێوەی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردنیان بە کەم وەسف کردووە. 

د.ی