عێراق: رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس سەقامگیری بازاڕی پاراستووە

وەزیری نەوتی عێراق: خواست بۆ نەوت بەرزدەبێتەوە

ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس
ئاڵای وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس

K24 - هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەتوانێت خواست و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی وزە سەقامگیر بکات.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە بواری وزەی پاکدا گرێبەستیان لەگەڵ چەند گەورە کۆمپانیایەکی جیهانی واژۆکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عێراق، وەزیری نەوت ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی نیشاندەرەکانی بازاڕ دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گازی سرووشتی و خەڵووز بەتایبەت لە ئەوروپا و ئاسیا، پێشبینی دەکەن لە وەرزی زستاندا خواست بۆ نەوت بەرزبێتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت، بە گوێرەی بڕیاری ئۆپێک پڵەس لە مانگی ئابەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رۆژانە بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل زیاددەکەن، بەمە تا کۆتایی ئەمساڵ بڕی نەوتی زیادکراو دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و دەتوانێت خواستی بازاڕی پڕ بکاتەوە.