لایەنگرانی حەشدی شەعبی مەترسی دەخەنە سەر ناوچەی سەوز

کۆمسیۆن لە ناوەندێک دەنگەکانی چەندین وێستگە بە دەست دەژمێرێتەوە

K24 – بەغدا

کاندیدە دەرنەچووەکان سکاڵایان لە سەر 1434 وێستگەی دەنگدان تۆمار کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆمسیۆنیش تەنها 68 سکاڵای پەسەندکردووە، ماوەی پێنج رۆژە وێستگە تانەلێدراوەکان بەدەست دەنگەکانی دەژمێرێتەوە، تا ئێستاش وێستگەکانی 10 پاێزگا تەواو بووە، کە لە نێوانیاندا 28 وێستگەی هەولێر و 87 وێستگەی کەرکووک ئەنجامەکانی %100 هاوتای ئەنجامی ئەلیکترۆنی بوون.

هەیمان تەحسین، بەڕێوبەری فەرمانگەی کاروباری پارت و لایەنە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئامێرەکە دەنگە راستەکان هەژمار دەکات و ئەگەر کەسێک دەنگی بە دوو کاندید دابێت، یان بە قەڵەم جاف خەتی لێدابێت هەموویان پوچەڵ دەکاتەوە".

گوشارەکانی سەر کۆمسیۆن تادێت چڕ دەبێتەوە، بەرەی ناڕازی شیعەکان لایەنگرانی خۆیان و حەشدی شەعبیان بردووەتە بەردەم دوو دەرگای ناوچەی سەوز و ماوەی 12 رۆژە مانگرتانیان راگەیاندووە، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر عێراق بەگشتی و بەغدا دروستکردووە.

هەر لەو چوارچێوەشدا دوو شەو لەمەبەر چەند گولـله هاوەنێک ئاراستەی ئەو ناوەندەکرا، لە ناوچەی سەوز کە پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە دەرەوەی ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە.

عەبدولخالق تەڵعەت، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پاراستنی ناوەندی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان لە کۆمسیۆن دەڵێ: "هێزێکی زۆر لە ناوچەی سەوز بەتایبەتی لەو ناوەندەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی لێ دەژمێردرێنەوە بڵاوەی پێکراوە، ئێمە وەکو فەرماندەی هاوبەشی عێراق سەرپەرشتیاری ئەو هێزە دەکەین".

گوتیشی: "گوشاری زۆر لە سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت".

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی مانگی رابردووە بەڕێوەچوو، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی تا دوای تەواو بوونی سکاڵاکان و بەدوادچوونەکان ماوەی 20 رۆژی پێدەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە دەیان حزبی بەشدار و کاندیدی دەرنەچووی شیعەکان لە بەغدا شارەکانی خواروی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەکان.

Fly Erbil Advertisment