پەکین هۆشداری بە کۆمپانیا ئەمهریکییەکان دەدات
"ئەگەر پڕۆژەیاساکە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت، ئەوا پشکیان لە بازاڕی چین کەم دەکرێتەوە"

K24 - ههولێر:
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەم چەند هەفتەی رابردوو پەکین گوشاری کردووەتە سە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و کۆمپانیا و گرووپە بازرگانییەکانی ئەمهریکا، کە هەوڵەکانیان لە دژی پڕۆژەیاساکانی پەیوەست بە چین لە کۆنگرێسی ئەمهریکا بخەنەگەڕ.
لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، باڵیۆزخانەی چین لە ئەمهریکا بە نامە داوای بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەمهریکییەکان کردووە، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر ئەندامانی کۆنگرێس دروست بکەن، تا گۆڕانکاری یان پڕۆژەیاسای پەیوەست بە چین هەڵبوەشێننەوە، کە ئەمهریکا دەیەوێت لە رێگەی ئەو یاسایەوە توانای رکابەری پەکین لاواز بکات.
لە نامەکەدا بەرپرسانی چین هۆشدارییان بە کۆمپانیا ئەمهریکییەکان داوە، کە ئەگەر پڕۆژەیاساکە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت، ئەوا پشکیان لە بازاڕی چین کەم دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی پیرانی ئەمهریکا بە پاڵپشتی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی، لە حوزەیرانی رابردوو یاسایەکی گشتگیری بۆ بەهێزکردنی توانای رکابەری ئەمهریکای بەرامبەر چین پەسەند کرد، ئێستا لە کۆنگرێس تاوتوێ دەکرێت و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە.