ئاژانسی ئهنتهرفاكس: شه‌ڕ له نێوان دوو وڵات هه‌ڵگیرسا
"وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا باس به‌دیلگرتنی 12 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئازه‌ربایجان ده‌كات"

K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی ئهنتهرفاكسی ئه‌رمینیا بڵاویكرده‌وه، شه‌ڕ له نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان هه‌ڵگیرسا و تێیدا 15 سه‌ربازی ئه‌رمینی كوژران و جیا له بریندار بوونی سه‌ربازێكی زۆریی هه‌ردوو لا.
ئاژانسی ئهنتهرفاكس رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا باس به‌دیلگرتنی 12 سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئازه‌ربایجان ده‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئازه‌ربایجان رایگه‌یاند، ئه‌رمینیا به ئه‌نقه‌ست گرژی له‌سه‌ر سنووره‌كاندا زیاد كردووه، به‌م هۆیه‌وه شه‌ڕ له‌سه‌ر سنووره‌كان هه‌ڵگیرسا و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئازه‌بایجانیش برینداربوون.
پێش چه‌ند رۆژێك ئه‌رمینیا داوای له رووسیا كردووه هاوكاری بكات بۆ پاراستنی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان، ئه‌مه له كاتێكدایه ئێستا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی تووند له‌م سنووره‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئازه‌ربایجان بڵاویكرده‌وه، سه‌ربازه ئه‌رمه‌نییه‌كان شوێنه‌كانی خۆیان جێهێشتووه، بۆ ئه‌مه سه‌ربازانی ئازه‌ربایجان به‌رپه‌چی هێرشه‌كانی ئه‌رمه‌نییه‌كانیان داوه‌ته‌وه.