جارێكی دیكه ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر سنوور رووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه
K24- هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان رایانگه‌یاند، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان هێزه‌كانیان له ناوچه‌یه‌كی سه‌ر سنووری هه‌ردوو وڵات روویداوه.
له‌و باره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا رایگه‌یاند، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانی ئازه‌ربایجان هه‌وڵیاندا له به‌ری رۆژهه‌ڵات له سه‌ر سنوور پێشڕه‌وی بكه‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چڕ له نێوان هێزه‌كانی هه‌ردوو وڵات روویدا.
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌رمینیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیكرده‌وه، هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یان شكستیان به‌و پێشڕه‌ویه‌ی سوپای ئازه‌ربایجان هێناوه، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، تا ئێستاش گرژییه‌كان به‌رده‌وامن و دۆخه‌كه له‌و ناوچه‌یه هێور نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام گفتوگۆ له نێوانیان به نێوه‌ندگیری رووسیا ده‌ستیپێكردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: هیچ زیانێكی گیانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا نه‌بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و شوێنه ئاشكرا بكات، كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه تێیدا روویداوه.
له به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئازه‌ربایجان له به‌یاننامه‌یه‌كدا سوپای ئه‌رمینیای به‌وه تۆمتبار كرد، كه له كه‌رتی "لاچین" هه‌وڵی گێچه‌ڵكاری و هه‌راسانكردنی هێزه‌كانی ئازه‌ربایجان ده‌دات، به‌مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی پشێوی.
ئاشكراشیكرد، سه‌ربازانی ئازه‌ربایجان له به‌یانی ئه‌مڕۆوه چاودێری جووڵه‌ی سه‌ربازان و ئامێر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی سوپای ئه‌رمینیا له‌سه‌ر سنوور له‌و ناوچه‌یه ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ گێچه‌لكاری نوێ و روونیشیكرده‌وه، هێزه‌كانی ئازه‌ربایجان له‌و ناوچه‌یه رێكاری به‌په‌له‌ی گرتووه‌ته به‌ر، بۆ رێگریكردن له‌و ره‌فتارانه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئێستا رێكاری پێویست به‌گوێره‌ی پلانی پێشتر داڕێژراو به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌و رێكاره‌ش دوژمنانی له ناوچه‌كه ناچار به پاشه‌كشه كرد و تا ئێستاش دۆخی كرده‌ی سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی ئازه‌ربایجانه".
ئه‌مه دوای نزیكه‌ی ساڵێك له دوایین ململانێی چه‌كداری نێوان ئه‌و دوو وڵاته دێت، كه ساڵی رابردوو هێزه‌كانی ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له هه‌رێمی قه‌ره‌باغ رووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه و شه‌ڕه‌كه به كۆنترۆڵكردنی به‌شێك له خاكی قه‌ره‌باغ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئازه‌ربایجانه‌وه كۆتاییهات، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی "كۆماری قه‌ره‌باغ" بوو، كه له‌لایه‌ن ئه‌رمینیاوه پشتیوانی ده‌كرا، دوای كۆتاییهاتنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیش، هێزه‌كانی پاراستنی ئاشتیی رووسیا له ناوچه جێناكۆكه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات بڵاوبووه‌وه.
سه‌رچاوه: روسیا الیوم + ئینته‌رفاكس
H.B