به‌غدا لێكۆڵینه‌وه له‌و ماسته‌ر و دكتۆرایانه ده‌كات كه زانكۆكانی لوبنان ده‌یبه‌خشنه عێراقییه‌كان
نامه‌ی ماسته‌ر به 5 هه‌زار دۆلار فرۆشراوه و تێزی دكتۆراش به 10 هه‌زار دۆلار
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق، پاشكۆی رۆشنبیری باڵیۆزخانه‌ی عێراقی له به‌یروت بانگ كرد بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی ئه‌و بڕوانامه ساختانه بكات، كه به پاره فرۆشراون به سه‌دان عێراقی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش كڕیویانه. هاوكات وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خوێندنی لوبنانیش بڕیاری داوه لێكۆڵینه‌وه له دۆسییه‌كه بكات.
به گوێره‌ی زانیاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی عێراق، لانیكه‌م 3 زانكۆی ئه‌هلی لوبنانی له ماوه‌ی كۆرۆنادا بڕوانامه‌ی باڵایان به كۆمه‌ڵ به‌و عێراقیانه فرۆشتووه، كه هه‌رگیز پێیان نه‌ناوه‌ته سه‌ر خاكی لوبنان.
سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌رپرسان بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرایان له زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی لوبنان كڕیوه.
به گشتیی له عێراقدا كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی باڵا هه‌یه له پێناو ده‌ستكه‌وتنی هه‌لی كار و دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتیی‌دا.
حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بوودی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق رایگه‌یاند، پاشكۆی رۆشنبیری له لوبنان هاشم ئه‌لشه‌ممه‌ری بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و دۆسیه‌یه بانگ كراوه.
گوتیشی: ئه‌ركی ئه‌و پاشكۆیه به‌دواداچوون و چاودێری جووڵه‌ی قوتابیانه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سه‌رپه‌رشتیكردنی كاره‌كانیان و زانینی ژماره‌یان و گرتنه‌به‌ری رێكاری ئاسانكارییه بۆیان و ئه‌وه‌ی روویداوه به‌شێكه له چوارچێوه‌ی ئه‌ركی ئه‌و بۆیه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
روونیشیكرده‌وه، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاری داوه سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵپه‌سێرێت كه تایبه‌تن به په‌سندكردنی بڕوانامه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی له سێ زانكۆی ئه‌هلی لوبنان به‌ده‌ستیانهێناوه.
به‌رپرسێكی عێراقیی ئاشكرایكردووه، نامه‌ی ماسته‌ر به 5 هه‌زار دۆلار فرۆشراوه و تێزی دكتۆراش به 10 هه‌زار دۆلار و ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه، نووسینگه‌یان له به‌غدا و به‌یرووت هه‌یه.
یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی گومانی لێده‌كرێت زانكۆی ئیسلامیی سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی باڵای شیعه‌یه و به‌و هۆیه‌وه سه‌رۆكه‌كه‌ی و سه‌رۆكی چوار به‌شی زانكۆكه دوورخرانه‌وه و سه‌رۆكی نوێیان له جێگه دانران.
هه‌روه‌ها دیوانی خزمه‌تی مه‌ده‌نی له لوبنان ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه كردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رپرس له عێراق ئاشكرایكردووه، 27 هه‌زار بڕوانامه‌ی ساخته و به پاره كڕاو، ده‌ستنیشان كراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له باره‌وه ده‌كرێت.
قوتابیانی عێراق له 14 زانكۆی لوبنان ده‌خوێنن، به‌ڵام له نێوان 6 هه‌زار تا 13 هه‌زار و 800 قوتابی عێراقیی له‌و سێ زانكۆیه‌ن كه گومانیان لێده‌كرێت، بڕوانامه‌ی ساخته بفرۆشن.
له لوبنان 36 زانكۆی تایبه‌ت هه‌ن، له پاڵیشیاندا ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی متمانه‌پێكراوی زانستی هه‌ن، بۆ نموونه زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له به‌یروت، كه زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه هه‌یه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس