سیلڤادۆر پلان بۆ دامەزراندنی یەکەم شاری بیتکۆین دادەڕێژێت

لە سەرەتادا لە رێگەی قەواڵەکانی تایبەت بە بیتکۆین پارەدار ده‌کرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هه‌ولێر:

نەجیب بوکیلە، سەرۆکی سیلڤادۆر ئاشکرای کرد، پلان دادەڕێژن بۆ ئەوەی یەکەم شاری بیتکۆین لە جیهان بنیاد بنێن، بڕیاریشە لە سەرەتادا لە رێگەی قەواڵەکانی تایبەت بە بیتکۆین پارەدار بکرێت، ئەوەش هەوڵێکی دیکەی وڵاتەکەیە بە ئاراستەی دراوی ئەلیکترۆنی.

لە میانەی چالاکییەکانی هەفتەی کۆتایی رێکلامکردن بۆ بیتکۆین، سەرۆکی سیلڤادۆر رایگەیاند، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە سوود لە وزەی گڕکانەکان وەربگرن، کە هیچ باجێکی لەسەر نییە، جگە لە باجی زیادەی بەها نەبێت.

سەرۆکی سیلڤادۆر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پارەدارکردنەکە لە ساڵی داهاتووەوە دەست پێدەکات، قەواڵەکان لە 2022ـەوە دابەش دەکرێن.

هەر لەو بارەیەوە "سامسۆن ماو"، گەورە بەرپرسی ستراتیژی بواری تەکنەلۆژیا بلۆکچەین رایگەیاند، لەسەرەتادا سیلڤادۆر قەواڵە بە بەهای ملیارێک دۆلار دەردەکات، کە بە بیتکۆین پاڵپشتی کرابێت، تاوەکو لە رێگەیەوە پارەی پێویست کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی شاری بیتکۆینی پێ دابڕێژن.