به چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌ت یادی شاعیری كورد، جه‌لال مه‌له‌كشا ده‌كرێته‌وه
ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی شاعیری كورد، جه‌لالی مه‌له‌كشادا تێده‌په‌ڕێت

K24 – هه‌ولێر:
به چاودێری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، یادی جه‌لال مه‌له‌كشا ده‌كاته‌وه.
یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد رایگه‌یاند، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه 28-11-2021 به چاودێری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یادی شاعیری كورد جەلالی مەلەکشا ده‌كرێته‌وه.
یه‌كێتی نووسه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مه رێزلێنانە لە شیعری شۆڕشگێری و نوێبوونەوە، رێزلێنانە لە بەخشش و ئەفراندن و بەردەوام بوون، یادکردنەوەی شاعیرێکی تووڕە و یاخییە.
جه‌ختیكرده‌وه، لە رێوڕەسمەکەدا سەرباری چەند کورتە گوتارێك، لە نێوانیاندا گوتاری بنەماڵەی مەلەکشا، کورتە فیلیمێکی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی ژیان و بەرهەمی شاعیری ناوبراو، دوو کورتە لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی پێشكه‌ش و نمایش ده‌كرێن.
یه‌كێتی نووسه‌ران روونیكرده‌وه، له‌و یادكردنه‌وه‌یه‌دا سێ کتێبی تازەی شاعیر به دیاری ده‌درێنه ئاماده‌بووان، ئەوانیش بریتین لە:
1-زڕەی زنجیری وشە دیلەکان - کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی جەلالی مەلەکشایە.
2- گوێژەڵ - چیرۆك، نووسینی مەحموود دەوڵەت ئابادی ـ وەرگێڕانی جەلالی مەلەکشا.
3- جه‌لالی مەلەکشا لە ئەدەبی کوردی‌دا ـ لێکۆڵینەوە ـ بەپێنووسی کۆمەڵە نووسەرێك.

جه‌لالی مه‌له‌كشا شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە، لە 19-03-1951 لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنەی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاتووەتە دونیا، هه‌ر لەته‌مه‌نی منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.
جەلال وەك مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی ملكه‌چی زوڵم و سته‌مكاری بێت، بۆیه تووشی دەرده‌سەری و ئازاری زیندانیی زۆر بووە.
سه‌ره‌تای كاره هونه‌رییه‌كه‌ی نووسینی شیعر، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستی پێكرد، لەبەر هێز و به‌هره‌كه‌ی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی هه‌بێت، بووه ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).
دوای ساڵی 1979 قه‌ڵه‌می نووسینه‌كه‌ی دەگێڕێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی و لە کوردیش‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو. بۆ ماوەی 14 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و گرنگی زۆر بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.
شیعرەکانی مه‌له‌كشا، تا ئێستا بۆ سه‌ر زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سوێدی،... وەرگێڕدراون.
جەلالی مه‌له‌كشا، له رێكه‌وتی 2020/10/31، له ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.