مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراكردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق

"چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان"

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە، وه‌رگرتووه.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌، پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە، کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.

درەنگانی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە کوڵەجۆ په‌لاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان دا، دوای رووبەڕووبوونەوە، هێزی پێشمەرگە توانی هێرشەکەی داعش تێکبشکێنن، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك بە هەمەرێکی هێزی پێشمەرگە، 5 پێشمەرگە شەهیدبوون.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان لە شه‌وی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆ، كه‌ لەکاتی بەهاناوەچوونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری كردم، هاوخه‌می خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و داواكارم له‌ خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە، وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە، کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

Fly Erbil Advertisment