نرخی نەوت سه‌دا 5 بەرزبووەوە

لەگەڵ رەوانەوەی مەترسییەکان بە لێکەوتەکانی ئۆمیکرۆن نرخی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌

نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌
نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ رەوانەوەی مەترسییەکان بە لێکەوتەکانی ئۆمیکرۆن، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بە نزیکەی سەدا 5 بەرزبووەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی بێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی شوبات بە رێژەی سەدا 0.85 بۆ 73.70 دۆلار بەرزبووەوە، لە دوێنێ دووشەممەوه‌ بە رێژەی سەدا 4.6 بەرزبووەتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی کانوونی دووەم بە رێژەی سەدا 4.9 بۆ 70.28 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەهۆی مەترسییەکانی کارایی ڤاکسینه‌كانی كۆرۆنا بەرامبەر ئۆمیکرۆن، بە ریژەی زیاتر لە سەدا 13 دابەزی.

بەڵام بەرپرسێکی تەندروسی لە باشووری ئەفریقا رایگەیاند، نیشانەکانی ئۆمیکرۆن زۆر سادەن و بەرپرسێکی نەخۆشییە گواستراوەکانیش لە ئەمه‌ریکا رایگەیاند، نیشانەکانی ئۆمیکرۆن بەو شێوەیە مەترسیدار نین، کە بڵاوکراوەتەوە، ئەوەش جارێکی دیکە بازاڕەکانی بوژاندووەتەوە.