هاوڕێیانی گەزیزە پەیامی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش دەگەیەننە نەتەوە یەکگرتووەکان

شانۆگەری (دۆزەخێک بوو) لە سلێمانی نمایش دەکرێت

تیپی شانۆی هاوڕێانی گەزیزە
تیپی شانۆی هاوڕێانی گەزیزە

K24 – سلێمانی

تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە شانۆگەری (دۆزەخێک بوو) نمایش دەکەن، کە گوزارشتە لە ئازارەکانی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، وەک خۆیان دەڵێن دەیانەوێت پەیامی ئەوان بگەیەننە نەتەوە یەکگرتووەکان.

شانۆگەری (دۆزەخێک بوو) لە نووسین و دەرهێنانی گەزیزە عومەر، بەرهەمێکی نوێی ئەو هونەرمەندە و هاوڕێکانیەتی دوای ماوەیەک دابڕانیان لەسەر تەختی شانۆ.

شەهین سابیر بەرپرسی راگەیاندنی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/12/2021، شانۆگەری (دۆزەخێک بوو) لە نووسین و دەرھێنانی گەزیزە عومەر لە سلێمانی نمایش دەکرێت".

گوتیشی: "ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە پرسێکی گرنگە، دەکرێ بڵێین بووەتە پرسێکی جیهانی، ئەویش ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، گەزیزە عومەر وەک نووسەر و دەرهێنەری شانۆگەرییەکە مەبەستیەتی ئازاری ژنانی رزگاربووی دەستی داعش بگەیەنێت، وەک چۆن هەوڵدەدرێت پرسی ئەنفال و جینۆساید بە جیهان بگەیەنین بە هەمان شێوە کار لەسەر ئازارەکانی ژنانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش بکەین".

گوتیشی: "ئامانج لەو شانۆگەرییە ئەوەیە پەیامەکە بگات بە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی، بۆیە بانگێشتی سیاسییەکان و رێکخراوەکانمان کردووە بۆ بینینی شانۆگەرییەکە، جگە لە سلێمانی دەمانەوێت ئەو شانۆگەریە لە شارەکانی دیکەی کوردستان و جیهان نمایش بکرێت، مامۆستا گەزیزە کار لەسەر ئەوە دەکات شانۆگەرییەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نمایش بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو پەیامە لە نزیکترەوە بگەیەنرێت".

شەهین سابیر، ئاماژەی بەوەشدا: "لەم شانۆگەریە جگە لە گەزیزە عومەر ژمارەیەکی دیکەی هونەرمەندی بە ئەزموون دەردەکەونەوە کە ماوەیەکە لەسەر تەختی شانۆ نەبینراون، وەک میدیا رەئوف بێگەرد، شیلان عەبدوڵڵا، هەروەها موزیسیان نەوژین محەمەد بەشدار دەبێت لەو شانۆگەریە".

Fly Erbil Advertisment