رێکخراوێک هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەورە لە ئەهوارەکان دەدات
"ئاستی ئاوی ئەهوارەکان بەشێوەیەکی نیمچە تەواو وشکی کردووە"
K24 - ههولێر:
رێکخراوی جبایش بۆ گەشتیاری و ژینگە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەشتیاری و ژینگەیی لە ئەهوارەکانی باشووری پارێزگای زیقاڕ دەدات.
ئەو رێکخراوە بڵاویکردووەتەوە، ئاستی ئاوی ئەهوارەکان بەشێوەیەکی نیمچە تەواو وشکی کردووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی ئەبو زەرگ لە پارێزگای زیقار و ناوچەی حوێزە، کە کەوتووەتە نێوان زیقاڕ و میسان، هەروەها رێژهی ئاوی سوێر لە هۆری حیمار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئەو رێکخراوە روونیکردووەتەوە، پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئاو ئەهوارەکان بەرزبکرێنەوە، کە کەوتوونەتە باشووری رووباری دیجلە.
ئاماژە بەوەشدەدات، سەرەڕای ئەوەی رێژەی باران بارین لە ههرێمی كوردستان و باکووری عێراق بەرزبووە و لافاو روویداوە، بەڵام هیچ گەشبینییەک نییە، کە ئاستی ئاو لەو ناوچانە بەرزببنەوە.
ئاشکراشی کردووە، بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییە گیانەوەری ئەهوارەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، بە تایبەت سامانی ماسی، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە ئەو ناوچانە لە وشکبوون بپارێزن.