سبه‌ی شه‌و یه‌ڵدایه
سبه‌ی شه‌و، 21/22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، درێژترین شه‌وی ساڵه

K24 – هه‌ولێر:
جه‌ژن و بۆنه دێرینه‌كانی سه‌رزه‌مینی میسیۆپۆتامیا و زاگرۆسییه‌كان تا ئێستا له ناو كورددا، كه میراتگری راسته‌قینه‌ی گه‌لانی دێرینی ناوچه‌كه‌یه وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه و دیارترینیشیان نه‌وروز و یه‌ڵدایه، كه 90 رۆژیان نێوانه. هاوكات ساڵانه به هۆی به هه‌ڵه لێكدانه‌وه‌وه، شه‌وێك به‌ر له یه‌ڵدا بۆنه و مه‌راسیمی یادكردنه‌وه رێكده‌خرێن، كه راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه سبه‌ی شه‌و، 21/22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، شه‌وی یه‌ڵدایه و واده‌ی له‌دایكبوونی میترا و وه‌رچه‌رخانی خۆر و له كورتیدانی تاریكییه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه، گه‌لانی سه‌رزه‌مینی ئێران یادی شه‌وی یه‌ڵدا ده‌كه‌نه‌وه، له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌رێمی كوردستانیش جارێكی دیكه بره‌و به یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆنه تایبه‌تانه‌ی گه‌لانی دێرینی ناوچه‌كه دراوه‌ته‌وه.
جگه له ئاهه‌نگی تایبه‌تی ناو ماڵان، له هه‌رێمی كوردستاندا، یانه‌كانی شه‌وانه، رێكخراو و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به بۆنه‌ی یه‌ڵدا، درێژترین شه‌وی ساڵ، چالاكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی رێكده‌خه‌ن و له زۆر ماڵیشدا خوان ده‌ڕازێنرێته‌وه و ئه‌ندامانی خێزان به ده‌وری یه‌كدا كۆده‌بنه‌وه و شه‌وی درێژی ساڵ به خۆشی به‌سه‌رده‌به‌ن.
له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، یاده‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی كه‌سایه‌تی سیاسی كوردی رۆژهه‌ڵات، عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ و ئه‌مه‌ش زیاتر بره‌وی به یاده‌كه داوه له رووی سیاسییه‌وه، هاووڵاتیان هاوشێوه‌ی له‌دایكبوونی میترا و مه‌سیح یادی ده‌كه‌نه‌وه.
له فه‌رهه‌نگی كوردیدا، به‌ناوبانگترین قه‌سیده‌ی نالی دوای چامه‌كه‌ی بۆ سالم، تایبه‌ته به شه‌وی یه‌ڵدا و زیاتر له 200 ساڵه ئه‌و به‌یته شیعره ده‌ما و ده‌م وێردی سه‌رزمانه.
نالی له قه‌سیده‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
شه‌وی یـــه‌ڵدایه، یــــا ده‌یجـــووره ئــــه‌مشه‌و
که دیــدهم دوور له تۆ، بێ نــووره ئــــه‌مشه‌و؟!
دڵم وه‌ک حـــــاکــمی مـهعزوولــه، قــــوربان!
خــه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مهنــــظووره ئه‌مشه‌و
دڵیش مــــایـل بـــه دیـــدهی تـــــۆیه، بـۆیـــه
له من وه‌حشی و ڕه‌میده و دووره ئـــه‌مشه‌و
کـــه تۆی شای که‌چ‌کولاهی دیده مـــهستان،
چ باکـــم قهیصــهر و فـــهغفووره ئــه‌مشه‌و؟!
له خـه‌و هه‌ڵساوه، یـــــا ئـــــاڵــۆزه چـــــاوت؟
هه‌میشه وایـــه، یــــا مه‌خمووره، ئـــه‌مشه‌و؟
سوروشــــکم نه‌قشی چـاوی تۆ دهکێشــێ
جــێگەم سه‌ر داره‌که‌ی (مهنصـوور)ه ئه‌مشه‌و
موسوڵمـــانــان ده‌پرسن حــــاڵی " نـــــالی"
له کونـجی بێکه‌سی مـههجووره ئـه‌مشه‌و
شه‌وی چله، یان شه‌وی یه‌ڵدا، شه‌وی سه‌ره‌تای زستانه، به گوێره‌ی ئاینه دێرینه‌كانی زاگرۆس و پێده‌شته‌كانی میسیۆپۆتامیا، له‌وانه‌ش ئایینی میترایی، شه‌وی یه‌كه‌می زستان جه‌ژنی له‌دایكبوونی میترا (خۆر)ه. له‌و شه‌وه‌دا خۆر ده‌چێته بورجی ره‌جا و له‌وێ چیتر كورت نابێته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌ره‌و درێژ بوون ده‌چێت و شه‌و له كورتی ده‌دات.
جووڵه‌ی خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان، له سه‌رده‌مه دێرینه‌كاندا بۆ مرۆڤ، خودان كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره بوون، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌و سه‌رده‌مه كۆنانه‌دا رۆژمێری كشتووكاڵی به پێودانگی جووڵه‌ی خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان داڕشتووه و كاری پێكردووه.
خۆر، له ئایینه دێرینه‌كاندا به گشتیی و لای مرۆڤی سه‌رده‌مه دێرینه‌كان هه‌میشه جێی بایه‌خ بووه، به سه‌رچاوه‌ی ژیان و رووناكی دانراوه. به‌رزی و نزمی تینی خۆر كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر خۆگونجاندنی مرۆڤ هه‌بووه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، تاریكی به سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و هێزی خراپه‌كاری وێناكراوه.
له‌و شه‌وه‌دا، كه درێژترین شه‌وی ساڵه، خه‌ڵكی سه‌رزه‌مینی میسیۆپۆتامیا و ئێرانی دێرین دانیشتوون و ویستوویانه به شه‌ونشینی له خراپه‌كاری تاریكی رزگاریان بێت و به خۆشی و ئاهه‌نگگێڕانه‌وه پێشوازییان له هه‌ڵاتنی خۆری رۆژێكی نوێ له رۆژمێری فه‌رهه‌نگی و كشتووكاڵیی خۆیاندا كردووه، به‌و پێیه‌ی میترا له‌دایك ده‌بێت و شه‌و ده‌شكێت و رۆژ و رووناكی سه‌رده‌كه‌ون.
سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، وشه‌ی یه‌ڵدا، وشه‌یه‌كی سریانی ئارامییه و به مانای له‌دایكبوون دێت. له سه‌ده‌ی چواره‌می زاینیشه‌وه به هۆی هه‌ڵه‌یه‌ك له رۆژمێری ساڵی پڕدا، رۆژی له‌دایكبوونی میترا كه‌وته رۆژی 25ی دیسه‌مبه‌ر و ئیدی رۆمییه‌كان كه‌وتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی یادی له‌دایكبوونی مه‌سیح له 6ی یهنایریهوه بگوازنه‌وه بۆ 25ی دیسه‌مبه‌ر و هاوكات له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی میترا یادی له‌دایكبوونی مه‌سیح بكه‌نه‌وه و له كۆتاییشدا كڵێسه ئه‌و رۆژه‌ی په‌سند كرد.
له رووی فه‌له‌كییه‌وه، گۆڕانكاری به‌سه‌ر جووڵه‌ی خۆر و زه‌ویدا دێت، خۆر ده‌كه‌وێته خوار نزمترین خاڵی ئاسۆیی باشووری رۆژهه‌ڵاتی زه‌وی، كه له زمانی كوردی به خاڵی "بنار" ناوده‌برێت و ده‌بێته هۆی درووستبوونی كورتترین رۆژ و درێژترین شه‌وی ساڵ.