وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ده‌داته دادگا
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 3 په‌رله‌مانتار ده‌داته دادگا.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان، هه‌ریه‌ك له عه‌لی حه‌مه ساڵح، له فراكسیۆنی گۆڕان، شێركۆ جه‌وده‌ت له فراكسیۆنی یه‌كگرتوو و عزه‌ت سابیر له فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌داته دادگا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، پێشتر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه یاداشتێكییان له باره‌ی داهاتی نه‌وت بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه به گوێره‌ی وه‌زاره‌ته‌كه "پڕبووه له زانیاری هه‌ڵه و نادروست به‌بێ به‌ڵگه و بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه وه‌ربگرن".
له‌سه‌ر سكاڵای وه‌زاره‌ته‌كه‌ش، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر، نووسراوێكی فه‌رمی به ژماره‌ی (5907) له رێكه‌وتی 8/6/2016، ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، رێگه به‌دادگا بدات رێكاری یاسایی له به‌رامبه‌ر ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره بگرێته‌به‌ر.
