سه‌یدسادق بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خولی نایاب له نێو یاریگه‌ی خۆی دۆڕا
له گه‌ڕی دوازده‌یه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی سیروانی نوێ بووه یه‌كه‌مین یانه له مێژووی خوله‌كه له نێو یاریگه‌ی سه‌یدسادق سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش له ماوه‌ی 7 خوله‌ك ریمۆنتادای به‌سه‌ر دهۆك دا كرد، له یارییه‌كی دیكه‌یشدا چه‌مچه‌ماڵ بووه چواره‌مین قوربانی له‌م وه‌رزه سه‌ردانی یاریگه‌ی هه‌ندرێن ده‌كات و به شكسته‌وه دێته ده‌ره‌وه.
دهۆك ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
یانه‌ی دهۆك له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری كرد، له خوله‌كی 41 سیابه‌ند عه‌گید به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوونی شكاند و گۆڵی پێشكه‌وتنی دهۆكی له دژی پێشمه‌رگه تۆمار كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌رگزه‌رده‌كانی بادینان كۆتایی هات.
دواتر له نیوه‌ی دووه‌م رووداوه‌كان گه‌رمتر بوون، پێشمه‌رگه ریمۆنتادای به‌سه‌ر دهۆك دا كرد.
له خوله‌كی 75 دانا عوسمان هێرشبه‌ره نوێیه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی پێشمه‌رگه ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
دواتر له خوله‌كی 83 عه‌بدولڵا سه‌ربه‌ست كاپتنی پێشمه‌رگه گۆڵی پێشكه‌وتن تۆمار كرد و ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ی له شكسته‌وه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن و ریمۆنتادا گۆڕی، یارییه‌كه‌ش به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك بۆ پێشمه‌رگه‌ی میوان كۆتایی هات.
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌م سه‌ركه‌وتنه به 16 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی 4 خانه بۆ سه‌رووی خۆی هه‌ڵكشا و له خانه‌ی هه‌شته‌مه‌وه به‌ره‌و خانه‌ی چواره‌م سه‌ركه‌وت، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی دهۆكیش بۆ خانه‌ی پێنجه‌م دابه‌زی.
سه‌یدسادق ـ سیروانی نوێ
یانه‌ی سه‌یدسادق له نێو یاریگه‌ی خۆی و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی سیروانی نوێی شاری سلێمانی كرد.
له نیوه‌ی یه‌كه‌م ناوبژیوان لێدانێكی پێناڵتی له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌یدساق هه‌ژمار كرد، به‌ڵام ئه‌حمه‌د به‌شاری گۆڵپارێزی یانه‌ی سیروانی نوێ تۆپه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه و رێگه‌ی نه‌دا تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی بهه‌ژێت، نیوه‌ی یه‌كه‌م به ئه‌نجامێكی سپی و به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
له نیوه‌ی دووه‌م، سیروانی نوێ باجی له‌ده‌ستدانی لێدانه پێناڵتییه‌كه‌ی دا و له خوله‌كه‌كانی كۆتایی یارییه‌كه، سیروانی نوێ به گۆڵێكی كوشنده له رێگه‌ی ئاریان جه‌وهه‌ر له خوله‌كی 82 به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوونی شكاند و گۆڵی پێشكه‌وتنی له دژی سه‌یدسادق تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی سیروانی نوێ كۆتایی هات.
یانه‌ی سیروانی نوێ حه‌وته‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌م وه‌رزه تۆمار كرد و به 22 خاڵ له پله‌ی دووه‌م مایه‌وه و له ركابه‌ریكردنی هه‌ندرێنی پێشه‌نگ به‌رده‌وامه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی سه‌یدسادق بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خولی نایابی كوردستان له نێو یاریگه‌ی خۆی دۆڕا و به 15 خاڵ بۆ خانه‌ی پێنجه‌م دابه‌زی.
هه‌ندرێن ـ چه‌مچه‌ماڵ
یانه‌ی هه‌ندرێن دوای شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی، ئه‌مجاره‌یان له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی چه‌مچه‌ماڵی كرد.
له خوله‌كی 9 ماجید سه‌لامه یاریزانی هه‌ندرێن له باڵی راسته‌وه پێشڕه‌وی به تۆپێك كرد و تۆپێكی ناوازه‌ی به ئاراسته‌ی سۆران عه‌زیزی هاوڕێی هاویشت، سۆرانیش تۆپه‌كه‌ی كرده گۆڵ، به‌مه‌ش هه‌ندرێن به گۆڵێك پێشكه‌وت و نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه كۆتایی هات.
له كۆتاییه‌كانی نیوه‌ی دووه‌م، یاریزانانی هه‌ندرێن له ناوه‌راستی یاریگه تۆپێكیان پچڕاند و بووه هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه و له رێگه‌ی ماجید سه‌لامه هه‌ندرێن گۆڵی دووه‌می كرد و به ته‌واوه‌تی چه‌مچه‌ماڵی بێهیوا كرد، یارییه‌كه‌ش به دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندرێن كۆتایی هات.
ئه‌م وه‌رزه پێنج یانه سه‌ردانی یاریگه‌ی هه‌ندرێنیان كردووه و هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یانتوانیوه ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بگێڕێت و ته‌نانه‌ت تاكه گۆڵێكیش تۆمار بكات، له كۆی 5 یانه كه سه‌ردانی یاریگه سه‌خته‌كه‌ی هه‌ندرێنیان كردووه ته‌نیا ده‌ربه‌نددیخان به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ رزگاری بووه، 4 یانه‌كه‌ی تر سه‌رجه‌میان شكست بووه‌ته به‌شیان.
هه‌ندرێن به 24 خاڵ شوێنی خۆی له پێشه‌نگی خوله‌كه پته‌وتر كرد، یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵیش به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به 14 خاڵ بۆ خانه‌ی حه‌وته‌م دابه‌زی.