گه‌وره‌ترین كه‌مپه‌ینی هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی لافاوی هه‌ولێر كۆمه‌كه‌كه‌یان گه‌یاند

كه‌مپه‌ینی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان زۆرترین بڕی هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە کۆکردووەتەوە و راده‌ستی پارێزگاری هه‌ولێر كرا

K24- هه‌ولێر:

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی له‌گه‌ڵ یەکێتی وەبەرهێنەران، بڕی 2 ملیارو 190 ملیۆن دیناریان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای هەولێر کۆکردەوە.

لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بڕی هاوکارییەکەی رادەستکرد و رایگەیاند، هاوکاریکردنی لێقەواماوانی لافاوەکەی هەولێر ئەرکی هەمووانە و پێویستە لە رووداوی لەو شێوەیەدا شانبەشانی حکومەت بەهانای هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان بچین.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای رووداوەکەدا بڕیاریاندا، کەمپەینێکی هاوکاری رابگەیەنن، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم وەبەرهێنەران لەسەر هێڵ بوونە، دواتر خۆشبەخانە بە هەوڵی هەموولایەنه‌كان، توانرا بڕی 2 ملیارو 190 ملیۆن دینار کۆبکرێتەوە و راستەوخۆش رادەستی پارێزگای هەولێر کراوە.

ئاشكراشیكرد، وەبەرهێنەران بە بەردوام گوژمه‌ی هاوکارییەکانیان دەنێرن.

بە کۆکردنەوەی ئەم بڕە پارەیە، ئەم کەمپەینە دەبێتە گەورەترینیان بووه‌، کە زۆرترین بڕی هاوکاریان بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە کۆکردووەتەوە.

H.B