ئێران هێڵی ئاسنین بە ناو خاکی عێراق بەرەو دەریای ناوەڕاست درێژ دەکاتەوە

"بە تەواوکردنی رێڕەوەکە، تێچووی هەناردەیان بەرەو عێراق هەرزانتر دەبێت"

هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێران له‌ ناو خاكی عێراق ده‌چێته‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست
هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێران له‌ ناو خاكی عێراق ده‌چێته‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست

K24 - هه‌ولێر:

روستەم قاسمی، وەزیری رێگەوبان و بنیاتنانی ئێران رایگەیاند، دوای پڕۆسەی پاکتاوکردنی مین، وڵاتەکەی دەست بە پڕۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری دەکات، کە گوژمەی پڕۆژەکە نزیکەی 120 ملیۆن دۆلاری ئەمه‌ریکی دەبێت و لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە هەردوو شاری شەلامچە لە ئێران و بەسڕە لە عێراق بە یەکدی دەبەسترێنەوە.

ئەو وەزیرەی ئێران بە گرنگییەوە باس لە پڕۆژەی هێڵی ئاسنین دەکات، کە لە رووی گواستنەوەی کاڵای ترانزێت و گواستنەوەی گەشتیاران گرنگە بە تایبەت لە رۆژانی چلەی ئیمام حوسێن.

قاسمی دەڵێت: بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە نوێیەی نێوان هەردوو وڵات، کۆمپانیایەکی هاوبەشی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو پێکدەهێندرێت.

وەزیری گواستنەوە گوتیشی: لە چەند رۆژی داهاتوودا شارەزایانیان دەست بە پاکتاوکردنی مین لەسەر رێڕەوی شەمەندەفەرەکە دەکەن.

قاسمی ئاماژەی بەوەشدا، بە تەواوکردنی رێڕەوەکە، تێچووی هەناردەیان بەرەو عێراق هەرزانتر دەبێت، لە داهاتووش هێڵەکە تاوەکو دەریای ناوەڕاست درێژ دەکەنەوە.

 

Fly Erbil Advertisment