پلاندانانی عێراق: هیچ پڕۆژەیەکی نوێ لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 جێگەی ناکرێتەوە
"6 ههزار پڕۆژهی ساڵی 2021 تهواو نهكراون"

K24 - ههولێر:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، هیچ پڕۆژەیەکی نوێ لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 جێگەی ناکرێتەوە، بەڵکو 6 هەزار پڕۆژە هەن، كه لەژێر جێبەجێکردندان و تیشک دەخرێتە سەر تەواوکردنیان.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای كرد، دانانی پڕۆژەی نوێ لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 ئاسان نییە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە هەن، كه کاركردن تێیاندا بەردەوامە، بۆیە هیچ لۆژیک نییە پڕۆژەیەک هەبێت تەواو نەکرابێت و ئێمە پڕۆژەی نوێ بخەینەڕوو، بۆیە تیشکی سەرەکیمان لەسەر تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە دەبێت، کە کاریان لەسەر دەکرێت.
گوتیشی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سەرچاوەی داهاتی نوێ قەبارەی کورتهێنان کەمدەکاتەوە لە ئەنجامدا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی حکومەت دەبێت.