كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری پێشخابوور و روانینی جیاواز
ئه‌مریكا پێشوازی له كردنه‌وه‌ی خاڵی سنووری نیوان هه‌رێم و رۆژئاوا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
ده‌روازه‌ی سنووری پێشخابوو له‌نێوان رۆژئاوا و هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوكاری مرۆیی و گواستنه‌وه‌ی خۆراك و پێداویستی ته‌ندروستی كرایه‌وه.
كوردستان24 - به‌رپرسی دۆسیه‌ی رۆژئاوای كوردستان-سوریا له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر حه‌مید ده‌ربه‌ندی به (كوردستان24) رایگه‌یاند ده‌روازه‌ی پێشخابوور بۆ گواستنه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی، خۆراك و ده‌رمان بۆ رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێته‌وه، كه هیچ باجێكی گومركی وه‌رناگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه كه‌لوپه‌لی خواردن به نرخێكی ئه‌رزانتر بگاته هاوڵاتیان له رۆژئاوای كوردستان.
خاڵی سنووری پێشخابوور- سمێلكا رۆژی 18 كانوونی دووه‌می 2013 پاش رێككه‌وتننامه‌ی نێوان TEV-DEM و ENKSله هه‌ولێر كرایه‌وه كه ده‌سته‌ی باڵای كوردی به ده‌ستپێشخه‌ری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا.
به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك ناكۆكی كه‌وته نێوان هه‌ردوو لا و كۆمیته‌ی هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌بردنی سنوور هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و ته‌ڤده‌م به شێوه‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نه سنووره‌كه خستنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كه كێشه‌ی سنوور له‌و رۆژه‌وه سه‌رهه‌ڵدا.
به‌رپرسی خاڵی سنووریی پێشخابوور، شه‌وكه‌ت به‌ربوهاری به (كوردستان24) رایگه‌یاند بڕیاری كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوور بۆ گواستنه‌وه‌ی یارمه‌تیی مرۆیی، خۆراك و پێداویستی ته‌ندروستی به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه. به‌پێی بڕیاره‌كه، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ بازرگانی له‌نیوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه باجی گومرك لێیان وه‌ربگرێت.
له لایه‌كی تره‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی خاڵی سنووری له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند ده‌روازه‌ی سنوور له لای ئه‌وانه‌وه كراوه بووه، ته‌نیا له‌لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه داخرابوو.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستان-سوریا، خالید عه‌لی به (كوردستان24) رایگه‌یاند داخستنی ده‌روازه‌ی سنوور به‌هۆی رێككنهوتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژئاوا بووه. وتیشی كاتێ كه سه‌رۆكی ئه‌نه‌كه‌سه ویستی له رۆژئاواوه بێته هه‌رێمی كوردستان، له ده‌روازه‌ی سنوور رێگه‌یان پێنه‌دا.
له لایه‌كی تره‌وه چالاكوان ئیلهام عه‌بدولڕه‌حمان رایگه‌یاند گه‌له‌كه‌مان قوربانی ناكۆكی سیاسییه. په‌یه‌ده ده‌روازه‌ی سنوور و پێداویستیی ژیانی خه‌ڵك خسته ژێر ده‌ستی هه‌ندێ بازرگانی رۆژئاوای كوردستان، كه ته‌نیا خه‌ڵك بووه قوربانی.
نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له شاری سلێمانی شێرزاد یه‌زیدی به (كوردستان24) رایگه‌یاند ئه‌وان به‌رپرسیاری داخستنی ده‌روازه‌ی سنوور نین. داخستنی ده‌روازه‌ی سنوور، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بوو سه‌باره‌ت به راگه‌یاندنی سیسته‌می فیدراڵی له رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا، چونكه له‌و رۆژه‌دا بوو، كه فیدراڵییه‌ت راگه‌یێنرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشوازی له كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوور كرد و به هه‌نگاوێكی باش وه‌سفكرد.
هه‌ر سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوور، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ری دژی داعش، برێت مه‌كگورگ له ئه‌وكانتی خۆی له تویته‌ر نووسیوه: "به‌كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوور له‌نێوان كوردستانی عێراق و باكووری سوریا خۆشحاڵین، بۆ ئه‌وه‌ی كه هاوكاری مرۆیی و ئالوگۆڕی بازرگانی سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبكات كه بۆ ناوچه‌كه زۆر پێویسته".