دانە گاز: بەرهەمهێنانی گازمان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە
"لە ماوەی سێ ساڵدا بەرهەمهێنانی گاز 50% لە کوردستان زیادکراوە"

K24 - ههولێر:
کۆمپانیای "دانە گاز"ی ئیماراتی و هاوبهشهكهی "نەوتی هیلال" رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی گازیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە.
کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە راگەیاندراوێکدا لەگەڵ هاوبەشەکەی "نەوتی هیلال" ئاشكرایانكرد، توانیویانە ئاستی پێوانەیی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان تۆماربکەن، کە لە کۆتایی ساڵی 2021دا گەیشتووهتە 452 ملیۆن پێ سێجا.
دانە گاز و نەوتی هیلال لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان دەکەن، بە نوێنەرایەتی گرووپی کۆمپانیاکانی بێرل پترۆلیۆم، هەردوو کۆمپانیاکە گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دابینیدەکەن، هەروەها رۆژانە نزیکەی 16 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت و هەزار تەن گازی شڵكراو بەرهەمدەهێنن.
ئاماژه بهوهش كراوه، ئێستا پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار کاری تێدادەکرێت، بۆ ئەوەی تا نیسانی 2023 توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی 55% بەرزبکرێتەوە و بگەیەنرێتە 700 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە.
مەجید محەمەد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال دەڵێت، ئەو دەستکەوتەی بەدەستیانهێناوە لە زیابوونی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر، وەڵامدانەوەیەکە بۆ زیادبوونی داواکاری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەسەر گازی سروشتی.
هەروەها پاتریک وارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز روونیكردهوه، زیادكردنی ئەو بهرههم ئاماژەیە بە لێهاتوویی کارمەندەکانیان و کارکردنی جدی بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە وێستگەی کۆرمۆر. ئەوەش هاوکاری ئابووری هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەکات و سوودی بۆ ژینگەکەی دەبێت.
کۆی وەبەرهێنانی کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمهریکییە، زیاتر لە 80% کارەبای هەرێمی كوردستان سووتەمەنییەکەی ئەو کۆمپانیایە دابینی دەکات، کە بەردەوام گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان رەوانە دەکات.
زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی وایکردووە، حکومەتی هەرێم لە جیاتی دیزڵ، گاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنێت، ئەوەش داهاتێکی زۆری بۆ حکومەت گەڕاندووهتەوە و رێژەی پیسبوونی هەوای کەمکردووهتەوە.
دانە گاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە بازاڕی ئەبوزەبی ناوی تۆمارکراوە. کۆمپانیاکە لە میسر و هەرێمی کوردستان و ئیمارات کاردەکات.
کۆمپانیای نەوتی هیلال یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای بواری گەشەپێدان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری شاریقەی ئیماراتە.