حکومەتی هەرێم ئامادەکاری بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 دەکات
پهروین نووری: هەرێمی کوردستان لە نەفەقاتی سیادی عێراق سوودمەند نەبووە

K24 - هەولێر
بهڕێوهبهری گشتی بودجه له وهزارهتی دارایی و ئابووری رایدەگەیەنێت، وەک کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەبێت. روونیکردەوە، نەفەقاتی سیادی لە شەش بڕگەوە کراوە بە 125 بڕگە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە هیچ کام لەو بڕگانە سوودمەند نەبووە.
پهروین نووری، بهڕێوهبهری گشتی بودجه له وهزارهتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی هەرێم بودجەی نەبووە، بەڵام لە کابینەی نۆیەم، هەموو ئامادەکارییەک کراوە کە دەبێ بودجەمان هەبێت".
سەبارەت بە بڕینی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، گوتی: "لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش بڕدرا، واتا هەموو ئەو تەمویلەی لە بەغداوە دەهات لە دوای ساڵی 2014ـەوە نەما".
بهڕێوهبهری گشتی بودجه له وهزارهتی دارایی، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو شاندانەی دەڕۆنە بەغدا پێویستە پێداگری بکەن لەسەر سنووردار کردنی (نەفەقاتی سیادی) لە ساڵی 2005 و 2006، نەفەقاتی سیادی شەش بڕگە بوو ئێستا 125 بڕگەیە، ئێمە لە هیچی سوودمەند نین، لە داهاتی عێراق جیا دەکرێتەوە ئینجا بەشی هەرێمی کوردستان دیار دەکرێت".
راشیگەیاند: "ساڵی رابردوو گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە کردوە و بەپێی ماددەی 10 و 11 لە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2019، دەبێ حیساب لەگەڵ عێراق بکەین، ئێمە بەشە داهات بۆ حکومەتی فیدراڵی بنێرین، ئەوانیش بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرن کە بە 12.67 دیار کراوە".