سه‌یدسادق ریكۆردێكی له‌ قۆناخی یه‌كه‌می خولی نایابی كوردستان تۆمار كرد

یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان له‌ نێو یاریگه‌ی خۆیان
یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان له‌ نێو یاریگه‌ی خۆیان

له‌ خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان 3 یارییه‌ دواخراوه‌كه‌ی گه‌ڕی هه‌شته‌م ئه‌نجام دران، یانه‌ی سه‌یدسادق شه‌شه‌مین بردنه‌وه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار كرد و بووه‌ یه‌كه‌مین یانه‌ كه‌ زۆرترین گۆڵ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار ده‌كات.

سه‌یدسادق ـ برایه‌تی

یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ نێو یاریگه‌ و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی یانه‌ی برایه‌تی شاری هه‌ولێری كرد.

له‌ سه‌ره‌تای نیوه‌ی یه‌كه‌م یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ گۆڵێكی هاوكار جه‌مال پێشكه‌وت، دواتر له‌ خوله‌كی 37 ئه‌ستێره‌ لاوه‌كه‌ی یانه‌ی برایه‌تی دانا كامه‌ران ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت یه‌كسان كرده‌وه‌.

دواتر له‌ نیوه‌ی دووه‌م، هاوكار جه‌مال هیوای برایه‌تی له‌گۆڕنا كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ و گۆڵی دووه‌می سه‌یدسادقی تۆمار كرد و یانه‌كه‌ی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن برد و یارییه‌كه‌یان به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك له‌ برایه‌تی برده‌وه‌.

یانه‌ی سه‌یدسادق به‌م سه‌ركه‌وتن به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 22 خاڵ بۆ خانه‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی سه‌ركه‌وت و بووه‌ یه‌كه‌مین یانه‌ له‌ قۆناخی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ 14 گۆڵ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌ی گۆڵ تۆماركردنه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی برایه‌تی تووشی پێنجه‌مین شكست بوو له‌م وه‌رزه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 18 خاڵ له‌ خانه‌ی نۆیه‌م جێگیر بوو.

دهۆك ـ نه‌ورۆز

یانه‌ی دهۆك له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی نه‌ورۆزی شاری سلێمانی و به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو تووشی شكستێكی گه‌وره‌ بوو.

له‌ خوله‌كی 15 یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ن هه‌ڵۆ ده‌ستپێشخه‌ری له‌ گۆڵكردن كرد.

پاشان دیلمان روكان ئه‌ستێره‌ ده‌ركه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی نه‌ورۆز له‌ خوله‌كی 43 گۆڵی دووه‌می بۆ نه‌ورۆز زیاد كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نوێنه‌ره‌ سوورپۆشه‌كه‌ی سلێمانی كۆتایی هات.

له‌ نیوه‌ی دووه‌م یانه‌ی دهۆك نه‌یتوانی ئه‌نجامه‌كه‌ راست بكاته‌وه‌ و به‌ڵكو دۆخی یانه‌كه‌ زیاتر خراپتر بوو كاتێك له‌ خوله‌كی 93 هێمن فه‌ره‌ج گۆڵی سێیه‌می نه‌ورۆزی تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ 3 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی نه‌ورۆز كۆتایی هات كه‌ ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی نه‌ورۆز بوو له‌م وه‌رزه‌.

یانه‌ی نه‌ورۆز به‌م ئه‌نجامه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 23 خاڵ بۆ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی خولی نایاب سه‌ركه‌وت، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی دهۆك شه‌شه‌مین یاری له‌م وه‌رزه‌ دۆڕاند و له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م به‌ 18 خاڵ مایه‌وه‌.

چه‌مچه‌ماڵ ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر

یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری كرد.

له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن و به‌بێ گۆڵ یاریگه‌یان جێهێشت.

دواتر له‌ نیوه‌ی دووه‌م، بژار مه‌هدی له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ كارتی سوور ده‌ركرا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی گۆڵكردنی بۆ چه‌مچه‌ماڵ ره‌خساند، كاتێك به‌رهه‌م حه‌سه‌ن له‌ خوله‌كی 80 گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی تۆمار كرد، هه‌مان یاریزان له‌ خوله‌كی 90 گۆڵی دووه‌میشی بۆ چه‌مچه‌ماڵییه‌كان تۆمار كرد و یارییه‌كه‌یان به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر برده‌وه‌.

یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌ 22 خاڵ بۆ خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی سه‌ركه‌وت، له‌ به‌رامبه‌ردا پێشمه‌رگه‌ به‌ 20 خاڵ بۆ خانه‌ی شه‌شه‌م دابه‌زی.

یاریی چه‌مچه‌ماڵ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی كوردستان. یاریگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ 15 جه‌نیوه‌ری 2022
یاریی چه‌مچه‌ماڵ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی كوردستان. یاریگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ 15 جه‌نیوه‌ری 2022