نادال ریمۆنتادایهكی مێژوویی تۆمار كرد

رافایل نادالی ئیسپانی ریکۆردی رۆجێر فێدرێر سویسری و نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێپەڕاند لە بردنەوەی زۆرترین ناسناوی گراندسلام و بیست و یەکەمین ناسناوی لە پاڵەوانییەتیە گەورەکانی تێنس بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یارییەکی ماراسۆنی کە نزیکەی پێنج کاتژمێر و نیوی خایاند یاریی کۆتایی گراندسلامی ئوسترالیای بە سێ سێت بەرامبەر دوو سێت لە دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بردەوە و بووە پاڵەوان.
رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی لە نەبوونی رۆجێر فێدرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە پێناو بردنەوەی 21 ناسناوی گراندسلام و شکاندی ریکۆرد بردنەوە ی زۆرترین ناسناوی گراندسلام لە مێلبۆرن پارک لە یاریی کۆتایی تێنسی کراوی ئوسترالیا رووبەڕووی دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بووەوە.
نادال بەربژێری شەشەمی بردنەوەی ناسناوەکە لە سەرەتای یارییەکەی بەرامبەر مێدڤێدێڤی بەربژێری دووەم خۆی بەدەستەوەدا و سێتی یەکەمی لە ماوەی 42 خولەک بە دوو شەش بەرامبەر تێنسزانە رووسیەکە دۆڕاند.
مێدڤێدێڤ لە چوارەمین بەشداریکردنی لە یارییەکانی کۆتایی گراندسلام رکابەرییەکی بەهێزی ماتادۆرە ئیسپانییەکەی کرد و سێتی دووەمیشی لە تای برێک بە حەوت شەش بردەوە و ئەرکی نادالی لە یارییەکە قوڕستر کرد و خۆیشی لە بردنەوەی ناسناوەکە نزیکتر کردەوە.
بەڵام نادال کە جاری بیست و نۆیەمینە بەشداری لە یارییەکانی کۆتایی گراندسلام دەکات خۆی بەدەستەوە نەدا، کە ئەم دوو تێنسزانە جاری دووەمە لە یاریی کۆتایی گراندسلام بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن.
جاری یەکەم لە یاریی کۆتایی گراندسلامی کراوەی ئەمریکا لە 2019 رووبەڕوو بوونەوە و ئەو کاتە نادال سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ميدڤێدێڤ کە 12 مانگ لەمەوبەر لە یاریی کۆتایی مێلبۆرن بەرامبەر جۆکۆڤیچ دۆڕا، ئاستی لە یارییەکە دابەزی و نادال سێتی سێیەمی بە 64 خولەک بە شەش چوار بردەوە و جیاوازی ئەنجامەکەی کەم کردەوە.
لە سێتی چوارەمیش نادال بە سوود وەرگرتن لە سێرڤە بەهێزەکانی و هەڵەکانی مێدڤێدێڤ، گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکەی و هیوای بۆ گەڕایەوە، نادال ئەم سێتەشی هاوشێوەی سێت سێیەم بە شەش چوار بردەوە جیاوازی کاتەکەش تەنیا دوو خولەک بوو.
نادال بە هیوایەکی زۆرەوە دەستی بە سێتی پێنجەم کرد و بە ئەزموونەکەی توانی تێنسزانە رووسیەکە رابگرێت کە جیاوازی تەمەنیان 10 ساڵە، نادال 35 ساڵ و مێدڤێدێڤ 25 ساڵ.
نادال ریمۆنتادایەکی مێژوویی کرد و دوای کاتژمێرێک سێتی پێنجەمیشی لە تای برێک بە حەوت پێنج بردەوە.
دوای یارییەکی دراماتیکی و ماراسۆنی کە پێنج کاتژمیر و 25 خولەکی خایاند رافایل نادال یارییەکەی بە سێ سێت بەرامبەر دوو سێت بردەوە و بۆ جاری دووەم بووە پاڵەوانی گراندسلامی ئوسترالیا.
نادال بیست و یەکەمین ناسناوی گراندسلامی بەدەستهێنا و ریکۆردی رۆجێر فێردرێری سویسری و نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی تێپەڕاند و مێدڤێدێڤیش بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک ناسناوەکەی لەدەستدا.
