قەیرانی ئاو کێشە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری عێراق دروستدەکات

کێشەکانی ئاو لە کێڵگە زەبەلاحەکانی باشووری عێراق، بوونەتە بەربەست لەبەدەم بەرهەمهێنانی نەوت

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

کۆمپانیای نەوت بەسرە رایگەیاند، بەرهەمی کێڵگەکانی باشووری عێراق، کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیا نێودەڵەتییەکان بەڕێوەدەبردرێن، نزیکەی 2 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، ئەوەش بەراورد بە بەر لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە رێژەی سەدا 3.3 کەمی کردووە، لە کاتێکدا بەرهەمی کێڵگەکان نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو.

ئەحمەد ئەدهەم، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ پێگەی ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس رایگەیاندووە، کێڵگەکانی باشووری عێراق لە توانایاندایە زیاتر بەرهەمبهێنن، بەڵام کێشەی گەورەیان گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رێککەوتنی ئۆپێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەش کێشەی دابینکردنی ئاویان هەیە بۆ بیرەکانی نەوت، چونکە ئێستا توانای پڕکردنەوەی بیرەکان بە ئاو چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە ئەوەش بەشی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ناکات.

دەشڵێت، کۆمپانیای نەوتی بەسرە چەندین رێوشوێنی کاتی دەگرێتە بەر تاوەکو ئاوی پێویست بۆ کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق دابین بکات.

کێڵگە گەورەکانی باشووری عێراق بریتین لە رومێلە، کە لەلایەن بریتیش پێترۆلیۆم و زوبێر لەلایەن ئینی ئیتاڵی و قورنە 2 لەلایەن لوک ئۆیل بەڕێوەدەبردرێن، هەروەها کێڵگەی ئێکسۆن مۆبیل کە ئیستا کار بۆ دەرچوونی دەکات.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا، هەندێک رێوشوێنی کاتیان هەیە بۆ بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی تاوەکو جارێکی دیکە لە بەرهەمهێنانی نەوت بەکاریان بهێنن، بەڵام ئەو پڕۆژانە بچووکن و بەشێوەیەکی تەواو بەشی بەرهەمهێنان ناکەن.

کێڵگەکانی باشوور دوو کێشەی سەرەکی پەیوەست بە ئاویان هەیە، یەکەمیان ئەو بڕە ئاوەی لە میانی بەرهەمهێنانی نەوت بەرهەمدێت بڕەکەی کەمە، هەروەها لە ناوچەکەش ئاوی پێویست نییە بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەکاریان بهێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستێکی بەبەهای 27 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرگیز واژۆ کردووە، کە لە رێگەیەوە پڕۆژەی دابینکردنی 5 ملیۆن بەرمیل ئاوی رۆژانە لە کەنداوەوە دابین دەکەن و ئامانج لێی چارەسەرکردنی كێشەی ئاوە لە کێڵگەکانی باشووری عێراق.

لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووش وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ لە چارەکی یەکەمی 2022 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

Fly Erbil Advertisment