ئه‌میرێكی داعش خۆی رادەستی پێشمەرگە دەکات
K24 - هه‌ولێر:
سەرچاوەیەک لە میحوەری گوێڕ بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئه‌میرێكی داعش، لە میحوەری گوێر، له ریزی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه هه‌ڵاتووه و خۆی راده‌ستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە
سەرچاوەکە هەروەها گوتی: "ئەو ئه‌میره‌ی داعش بە ( ئەبو تەها) ناسراوە و به‌رپرسی مەفرزەیەکی داعش بووە لە میحوەری گوێر و لە زۆربەی هێرش و پەلامارەکانی ئەو رێکخراوە لەو ناوچەیەدا بەشداری شەڕەکانی کردووە".
لەبارەی هەڵاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمەرگە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ "ئەبو تەها" خۆی رادەستی پێشمەرگەکانی ئەوان کردووە، به‌ر له چه‌ند رۆژێكیشدا، دوو چەکداری دیکەی رێكخراوه‌كه خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه كردووه.
ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دێن و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش جێدەهێڵن و له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رێكخراوه‌كه بێزاربوونه.