غه‌فوور مه‌خمووری له كتێبه‌كه‌ی (په‌یامم له پێناو كوردستان): ئێمه كوردین ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین
K24 – هه‌ولێر:
كتێبی (په‌یامم، له پێناو كودرستان) له نووسینی غه‌فوور مه‌خمووری، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار، له دوو توێی 339 لاپه‌ڕه‌دا، ئاماژه‌ی به چاره‌گه سه‌ده‌یه‌كی خه‌بات و به‌رخودانی YNDK یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان كردووه.
غه‌فوور مه‌خمووری، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار، له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا باسی له‌وه كردووه، هه‌وڵیانداوه له‌ماوه‌ی 25 ساڵ خه‌باتی YNDK یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (1995 تاوه‌كو 2020)، له رێگه‌ی هۆكار و پێگه‌ی جیاوازه‌وه، سیاسه‌ت و بۆچوونی كوردستان بگه‌یننه هه‌موو لایه‌ك.
مه‌خمووری له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی (په‌یامم له پێناو كوردستان) ده‌ڵێت "له‌باره‌ی رێكخستنی حزبییه‌وه، ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌مان له بواره‌كانی میدیا و چالاكیی جه‌ماوه‌ریی و ئاماده‌كردنی كادیرانمان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانی به‌ده‌ستهێناوه".
غه‌فوور مه‌خمووری ده‌شڵێت: "لایه‌نێكی خه‌بات و تێكۆشانمان له رێگه‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان، به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانمان بوو له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئازادیخوازان، كه‌سایه‌تی و رۆشنبیران له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌وروپاوه".
نووسه‌ر له ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌یدا باسی له به‌شێك له گوتار و ئه‌و نامانه ده‌كات، كه له كۆنفراس و كۆنگره و كۆبوونه‌وه كوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یییه‌كان پێشكه‌شی كردوون، جیا له ئاماژه‌كردن به هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی YNDK یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له كۆڕ و سیمناره‌كان له ناوخۆی كوردستان، یاخوود له ده‌ره‌وه پێشكه‌شی كردوون.
مه‌خمووری له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی روونكردووه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ی خه‌بات و تێكۆشانمان، ژماره‌یه‌كی زۆر له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌نجام دراون، زۆربه‌یان جه‌خت له سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان كراوه‌ته‌وه، وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌مان داوه‌ته‌وه، كه ئێمه كێین و چیمان ده‌وێت؟ ، ئه‌میش ئێمه كوردین و وه‌ك ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین و ده‌وڵه‌تی كوردستان دابمه‌زرێنین.
غه‌فوور مه‌خمووری نووسیوویه‌تی: "به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه، ده‌ستم به نووسینه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه كرد، به‌هیوام ببێته جێی ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌ك".