دابه‌زینی به‌های دۆلار ره‌تده‌كرێته‌وه‌

"بڕیارى پەلە مەدەن و ئەستەمە جارێكی دیكە بە بڕیارێك بەھای دۆلار ببێتەوە به‌ 126 ھەزار دینار"

دۆلار
دۆلار

K24 - سلێمانی:

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بەھای دۆلاری ئەمه‌ریكی بەرامبەر دیناری عێراقی دادەبەزێنین، بەھای دۆلار بەرز و نزمی بەخۆیوە بینی و پسپۆڕانی ئابووری داوا لە ھاووڵاتیان دەكەن، پەلە نەكەن و دۆلارەكانیان نەكەنەوە دینار، چونكە بە لێدوانێكی لەم شێوەیە بەھای دۆلار جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بەھای ساڵانی رابردوو.

دوای ئەوەی رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا رایگەیاند بەھای دۆلاری ئەمه‌ریكی بەرامبەر دیناری عێراقی دادەبەزێنن، رۆژی ھەینی بەھای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر 146 ھەزار دیناری عێراقی بوو و ئێستاش نرخەكان جێگرنین و بەردەوام لە گۆڕانكاریدان. جەبار گۆران، گوتەبێژى بازاڕى ئاڵوگۆڕى دراو لە سلێمانى هۆشدارى بە هاووڵاتیان دەدات، کە بڕیارى پەلە مەدەن و ئەستەمە جارێكی دیكە بە بڕیارێك بەھای دۆلار ببێتەوە به‌ 126 ھەزار دینار.

دۆخى ئابوورى عێراق هاوشێوەى دۆخى سیاسی ناسەقامگیرە، ئەگەر هەر بڕیارێکیش بدرێت، بۆ ئەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینار زۆر دابەزێت؛ ئەوا دۆخى ئابوورىی عێراق تووشى داڕمان دەبێت.

د. کامەران قادر، پسپۆرى ئابوورى ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ناكرێت پشت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نۆخی نه‌وت ببه‌ستین و به‌های دۆلار دابه‌زێنین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش كرا، هه‌ر تا شه‌ش مانگ به‌رگه‌ ده‌گرێت، دوای ئه‌وه‌ ئابووری داده‌ڕمێت.

بانکى ناوەندى عێراق ئێستا خاوەنى 63 ملیار دۆلار یەدەگى دراوه‌، ماوەى ساڵێکیش زیاترە بۆ باشترکردنى دۆخى ئابوورى، بانکى ناوەندى بڕیاریدا بەهاى 100دۆلار لە 126 هەزار دینارەوە بەرزبکاتەوە بۆ 148 هەزار دینار.

Fly Erbil Advertisment