عێراق نزیکەی 70 ملیار دۆلار قەرزدارە
"قەرزەکان لە ساڵی 2028 کۆتاییان پێدێت"

K24 - هەولێر
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، قەرزەکانی سەر عێراق نزیکەی 70 ملیار دۆلارە.
مەزهەر محەمەد، راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەرزەکانی سەر عێراق نزیکەی 70 ملیار دۆلارە، بەگوێرەی پێشبینییەکان قەرزەکان لە ساڵی 2028 کۆتاییان پێدێت، کە بەشێکی زۆری لە سێ ساڵی ئایندە دەدرێنەوە.
ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەدا، ئەو قەرزانە پێویستە بدرێنەوە لە 20 ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات، بەڵام چەند بڕێک قەرزی هەڵپەسێردراو ماون، کە بریتین لە پاشماوەکانی رێککەوتنی یانەی پاریس و لە 8 بۆ 9 وڵات قەرز وەرگیراون، کە چواریان وڵاتانی کەنداون قەبارەی قەرزەکانیان بە 41 ملیار دۆلار دەخەملێندرێن، هیچ یەکێک لە وڵاتە قەرزدەرەکانیش بە فەرمی داوای وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان نەکردووە. ئەوانەش بە قەرزەکانی بەر لە ساڵی 1990 ناودەبرێن.
ئەو راوێژکارە روونیکردەوە، کە قەرزەکانی ناوخۆ قەبارەیان 50 ملیار دۆلار دەبێت، 95%ی کەوتووەتە نێو سیستمی دارایی حکومەت.