مەترسی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانيا لەسەر بازاڕی دانەوێڵە

له‌ گرێبه‌سته‌كانی داهاتوودا نرخی گه‌نم به‌رزترین ئاستی پێوانه‌یی 10 ساڵی رابردووی تۆماركرد.. پێشبینی دوو له‌ خراپترین سیناریۆكان ده‌كرێت

كاریگه‌ری گرژییه‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا له‌سه‌ر نرخی نه‌وت له‌ جیهان
كاریگه‌ری گرژییه‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا له‌سه‌ر نرخی نه‌وت له‌ جیهان

K24- هه‌ولێر:

سەرەڕای هەڕەشەکان بۆ نزیکبوونەوەی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و بە سەربەخۆ ناساندنی هەردوو هەرێمی لۆهانسك و دۆنێتسك و دەرهاویشتە سیاسییەکان، بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، گرژی و پێکدادانی راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر دابینکردنی گەنمی جیهانی دەبێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رووسیا و ئۆکرانیا یەك لەسەر سێی هەناردەی گەنمی جیهان پێکدەهێنن، بەهۆی ئەو ناکۆکیانە نرخی دانەوێڵە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

زۆرینەی گەنمی ئەو ناوچەیەش لە لایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاسته‌وه‌ هاوردە دەکرێت، چونکە دانیشتووانی ئەو ناوچانە زۆرترین بڕی نان لە ژەمەکانیان بەکاردەهێنن.

بەهۆی هەڵکشانی ناکۆکی و زیادبوونی جووڵاندنی هێز لەسەر سنوورەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی گەنم لە بۆرسەی شیکاگۆ بە رێژەی  لە سەدا 7 لە مانگی کانوونی  دووەم بەرزبووەتەوە، بە جۆرێك نرخی هەر بوشێلێك بۆ 8 دۆلار بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش نزیکە لە بەرزترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو، کاتێك نرخی بوشێلێك بۆ 8.50 دۆلار بەرزبووەوە.

بەشێك لە شارەزایان پێیانوایە، لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر هەناردەی رووسیادا، یەکێك دەبن لە خراپترین سیناریۆکان، کە بەهۆیەوە بازاڕەکان بێبەش دەبن لە هەناردەی گەنمی هەردوو وڵات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی، ئۆکرانیا بە سەبەتەی خۆراکی ئەوروپا دادەندرێت، هەروەها بەرپرسە لە هەناردەی سەدا 10ـی گەنم لە جیهاندا.

بەشێکی زۆری گەنمی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی باكووری ئەفریقا دەکرێت، بە شێوەیەك زۆربەی هەناردەی گەنمی رووسیا و ئۆکرانیا بۆ میسرە، کە گەورەترین هاوردەکاری گەنمە لەسەر ئاستی جیهان.

لە هەمان کاتدا زۆربەی کڕیارانی گەنم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشت بە گەرووی بۆسفۆرس بۆ هاوردەکردنی گەنم دەبەستن، لە کاتی روودانی ناکۆکیەکان ناچارن گەنم لە ئەمه‌ریکا و ئوستراڵیا بە تێچووێکی زۆر هاوردە بکەن.

بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە کاتێکدایە، وڵاتانی هاوردەکار تاوەکو ئێستا بە دەست لێکەوتەکانی کۆرۆناوە دەناڵێنن، بە تایبەت بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نرخی خۆراکی بۆ بەرزترین ئاستەکانی دەیەی رابردووی بەرزکردەوە. بەجۆرێك پێنوێنی نرخی خۆراك له‌ رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزترین ئاستەکانییەتی لە دوای ساڵی 2011ـەوە.

H.B

Fly Erbil Advertisment