یاریگه‌ی سه‌یدسادق بووه‌ته‌ گۆڕستانی میوانه‌كان

هانده‌رانی یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان
هانده‌رانی یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ خولی نایابی كوردستان

له‌ خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان به‌ ئه‌نجامدانی 2 یاری دیكه‌ كۆتایی به‌ یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 21ـه‌می خوله‌كه‌ هات و سه‌یدسادق نۆیه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی تۆمار كرد.

سه‌یدسادق ـ شه‌قڵاوه‌

سه‌یدسادق له‌ نێو یاریگه‌ و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی شه‌قڵاوه‌ی كرد، یارییه‌كه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی شاره‌زوور كۆتایی هات.

له‌ خوله‌كی 28ـی نیوه‌ی یه‌كه‌م، شاڵاو فاخر گۆڵی پێشكه‌وتنی بۆ یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ تۆمار كرد، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قڵاوه‌ كۆتایی هات.

دواتر له‌ ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م، جوامێر ئه‌مێن یاریزانی یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ رێگه‌ی لێدانی پێناڵتی ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.

پاشان به‌ڵێن فایه‌ق یاریزانی یانه‌ی سه‌یدسادق سوودی له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گۆڵپارێزی یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ وه‌رگرت و گۆڵی پێشكه‌وتنی سه‌یدساقی له‌ دژی شه‌قڵاوه‌ تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی شاره‌زوور كۆتایی هات.

یانه‌ی سه‌یدسادق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 31 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی دێت، له‌ به‌رامبه‌ردا شه‌قڵاوه‌ تووشی نۆیه‌مین شكست بوو به‌ 17 خاڵ له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت.

شێروانه‌ ـ دهۆك

یانه‌ی دهۆك بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه‌ سه‌ردانی شارۆچكه‌ی كه‌لاری كرد، یانه‌ی شێروانه‌ نه‌یتوانی تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م له‌ دهۆكی میوانی بكاته‌وه‌.

یانه‌ی شێروانه‌ له‌ نێو یاریگه‌ و له‌به‌رده‌م ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداریی یانه‌ی دهۆكی كرد، یارییه‌كه‌ به‌ درێژایی 90 خوله‌كی یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.

شێروانه‌ حه‌وته‌مین یه‌كسانبوونی له‌م وه‌رزه‌ تۆمار كرد و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 22 خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندێ دێت، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی دهۆك به‌ 26 خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی دێت.

یاریزانێكی سه‌یدسادق تۆپێك له‌سه‌ر سه‌ری یاریزانێكی شه‌قڵاوه‌ دوورده‌خاته‌وه‌. فۆتۆ: كه‌یوان سپۆرت
یاریزانێكی سه‌یدسادق تۆپێك له‌سه‌ر سه‌ری یاریزانێكی شه‌قڵاوه‌ دوورده‌خاته‌وه‌. فۆتۆ: كه‌یوان سپۆرت